لێدوانی راهێنەران.. کۆمان و دالیچ یاریی کۆتایی نەیشنسلیگیان دەوێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 21:45 لەسەر یاریگەی یانەی فاینۆرد، هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگدا، میوانداری هەڵبژاردەی کرواتیا دەکات. هەردوو هەڵبژاردە رکابەری لەسەر بلیتێکی یاریی کۆتایی دەکەن.
 
راهێنەری هەردوو هەڵبژاردەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی لێدوانی هەردووکیانە:
 
رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هۆڵەندا:
 
وڵاتێکی زۆر بەهێز لە پاڵەوانێتییەکەدایە، بۆیە دڵنیام یارییەک دەبینین لە ئاستێکی زۆر نایابدا و یارییەکی نایاب دەبێت، پێموایە هەموو یارییەکان هاوسەنگ دەبن، لە ماوەی چەند ساڵی کەمی رابردوودا رەنگە کرواتیا یەکێک بووبێت لە بەهێزترین تیپەکانی جیهان، بەڵام دەبینین چی روودەدات، ئەگەر یارییەکی باش بکەین، لەوانەیە لێیان ببەینەوە، سەبارەت بە یارییەکەی دیکەی قۆناخی پێشکۆتاییش لەنێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا، ئەوان نایابن و ئاستێکی باشیان هەیە، کوالێتیان بەرزە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری زۆر بەسەر ئیتاڵیادا هاتوون و ئیسپانیاش خاوەن بەهرەی گەورەیە و بەدرێژایی ساڵان سەلماندوویانە، هەروەها پێموایە راهێنەری ئیسپانیا باشە، بەم یاریزانانە دەتوانێت پاڵەوانێتییەکە بباتەوە، هیوادارین بگەینە یاریی کۆتایی.
 
زلاتکۆ دالیچ، راهێنەری کرواتیا:
 
ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە یاریزانەکان زوو بگەڕێنەوە ماڵەکانیان بۆ ئەوەی پشوو وەربگرن، ئێمە نەهاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی میدالیا ببەینەوە، کاردەکەین بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەستبهێنین، هەرگیز بیر لەوە ناکەینەوە بگەڕێینەوە ماڵەوە یان رێگە بە یاریزانێک بدەین بگەڕێتەوە، هیچ کەسێک نایەوێت بگەڕێتەوە، هەمووان دەیانەوێت تاوەکو کۆتایی لێرەبن، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکەی گەورە بنێین لە مێژوودا، دەمانەوێت ئەنجامێکی گەورە بەدەستبهێنین، ئێمە ئامادەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەیشتن بە ئامانج.