بەرازیل ئامادەیە تاوەکو هاوینی داهاتوو چاوەڕێی کارلۆ ئەنچیلۆتی بکات


رووداو دیجیتاڵ

ئێدناڵدۆ رۆدیگێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، دووپاتیکردەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، یان نوێنەرەکانیدا کۆدەبێتەوە بۆ باسکردنی بابەتی پێدانی مەشقی هەڵبژاردەی بەرازیل بەو راهێنەرە ئیتاڵییە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە کات و شوێنی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەوەی بەدوورنەزانیوە ئەوان تاوەکو هاوینی داهاتوو چاوەڕێی ئەنچیلۆتی بکەن.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی دەستەوارەی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل بەدەستگەیشتووە، بەڵام ئەو دووپات لەوە دەکاتەوە تاوەکو هاوینی داهاتوو لە مەشقدانی ریال مەدرید بەردەوام دەبێت، لە کاتێکدا بەرازیلییەکان ئامادەن تاوەکو کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی کارلۆ لەگەڵ ریال مەدرید، چاوەڕێی بکەن.
 
ئێدناڵدۆ کە بەمەبەستی دیاریکردنی راهێنەری هەڵبژاردەی سیلیساو لە ئەوروپایە و لە مەدرید هەڵمەتی هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەپێناو لەناوبردنی رەگەزپەرستی دەستپێکردووە، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی چاوەڕێکردنی کارلۆ تاوەکو هاوینی 2024 دەڵێ، ئەگەر ئەوە روویدا من بەتەنیا و یەکلایەنە بڕیار نادەم، لەگەڵ ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل گفتوگۆ دەکەم و بۆچوونی یاریزانانی هەڵبژاردەکەش وەردەگر،. چونکە دەبێ هەموومان هاوڕابین لەسەرئەوەی کە دەبێ چی بکەین و ویستی یاریزانەکان بزانین و باسی داهاتوویان لەگەڵدا بکەین.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە هەروەها دەڵێ، ئامانجی ئێمە روونە و بەدوای یەک ئامانجەوەین، ئەویش کارلۆ ئەنچیلۆتییە.
 
ئێدناڵدۆ زیاتر دەڵێ، تاوەکو رۆژی 18ی ئەم مانگە لە ئیسپانیا دەمێنمەوە و کۆبوونەوە ئەنجامدەدەین. ناتوانم بڵێم کۆبوونەوەی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەنچیلۆتی دەبێت، بەڵام هیوادارم لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ بەرازیل، پەیام و هەڵوێستی روونمان لەبارەی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکەوە هەبێت.
 
بەرازیل لە دوای کرانە دەرەوەی لە قۆناخی هەشتی مۆندیالی قەتەر لەسەردەستی هەڵبژارەی کرواتیا و دەستلەکارکێشانەوەی تیتێی راهێنەر، تاوەکو ئێستا لە دانوستاندن و لێکۆڵینەوەدایە بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە.
 
بەرازیلییەکان دەیانەوێت گۆڕانکاری گەورە لە شێواز و تەکتیکی کاری خۆیاندا بکەن و بیر لەوە دەکەنەوە راهێنەرێکی بیانی بکەنە مەشقدەری هەڵبژاردەکەیان.