سیتی بۆ سعودییەکان: یاریزانەکانمان هەرزانفرۆش ناکەین


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستەوارە پێشکێشکراوەکان بۆ یاریزانەکانی لەلایەن یانەکانی خولی سعودییەوە ئاشكراکردووە و ئامادەنییە بە ئاسانی دەستبەرداری هیچ یاریزانێکی بێت.
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆکانی هەوڵدانی یانەکانی خولی سعودیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێلکای گۆندۆگان و ریاز محریز گەرمبوون، پاشئەوەی کەریم بنزیما لە یانەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادی سعودییەوە کرد.
 
میدیای سعودیە دەڵێن، یانەی ئەهلی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ریاز محریزدا بکات.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە مانچێستەر سیتی دووپاتیانکردووەتەوە کە یانەکە دەرگای رۆیشتنی بەخۆڕایی و بەپارەی کەمی لەبەردەم یاریزانەکانیدا داخستووە، بەتایبەتیش جەخت لەسەر دۆخی محریز دەکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، "هەر یانەیەکی سعودی هەوڵبدات لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەست لەگەڵ محریزدا بکات، پەیامێکی روونی کارگیڕیی سیتی بەدەستگەیشتووە کە تێیدا هاتووە، هەوڵدان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ محریز پارەیەکی زۆری دەوێت و یانەکە دەستەوارەی پێشکێشکراوی بۆ ئەو یاریزانە بەدڵ نەبێت، رێگە بەرۆیشتنی نادات".
 
یانەی ئەهلیی سعودی، پێشتر ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ محریز راگەیاندبوو، هەروەها شاندێکی خۆی ناردبووە ئینگلتەرا بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەو یاریزانە و زانینی ئەو بڕە پارەیەی یانەکەی داوای دەکات.
 
محریز ئەگەرچی یانەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا سیانەی مێژوویی پرێمەرلیگ، فا کەپ و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام یاریزانێکی سەرەکیی پێکهاتەی یانەکە نییە و زۆرینەی کات لەسەر کورسیی یەدەگە.