کرووس توانج لە هازارد دەدات


رووداو دجیتاڵ 

تۆنی کرووس، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید دەربارەی گواستنەوەی جود بێلینگهام بۆ یانەکەی قسەی کرد و توانجێکیشی لە ئیدین هازاردی یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدریدی دا. 
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا سەبارەت بە هاتنی جود بێلینگهام بۆ یانەی ریال مەدرید بەبڕی 103 ملیۆن یۆرۆ، تۆنی کرووس گوتی: پێشتر یاریزانمان هەبوو کە پارەیەکی زۆری پێدرا بوو، بەڵام ئێستا خەریکە کاروانەکەی کۆتاییدێت (مەبەستی هازاردە). 
 
یاریزانە ئەڵمانییەکە گوتیشی: پێموایە زۆر کەس هەن کە پێشوەختە بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی کە بێلینگهام لە ریال مەدرید سەرکەوتوو نابێت، بەڵام پێویستە ئێمە بە شێوەیەکی ئەرێنی بیر بکەینەوە. 
 
یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید سەبارەت بە رۆیشتنی کەریم بنزیما دەڵێت: دەتوانیت بڕۆیت یان نا، ئەوەیان بڕیارێکی تاکەکەسییە و دۆخەکە لە یاریزانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. 
 
تۆنی درێژەی بە قسەکانی دا: دۆخ وادەکات کە بڕیار بدەیت، بەڵام هیچ کەسێك بۆی نییە بێتە نێو بڕیارەکانتەوە، پێویستە رێزلێنان بۆ بنزیما بکەین چونکە ئەو شایستەی ئەوەیە. 
 
تۆنی کرووس تەمەنی 33 ساڵە، ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال کۆتاییدێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی یەک وەرزی دیکە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و هاوینی داهاتووش بەئەگەری زۆرەوە واز لە یاریکردن دەهێنێت.