ڤیدیۆ؛ نوێترین هەواڵەکانی گواستنەوەی یاریزانان

 
رووداو دیجیتاڵ

دیماریا چاوەڕێیە و کریستنسن باسی بارسێلۆنا دەکات
 
دیماریا چاوەڕێی بارسێلۆنایە، بەڵام بارسا هێشتا کێشە داراییەکانی چارەسەر نەکردووە، رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت " دیماریا دەیەوێت چاوەڕێی بارسێلۆنا بکات و نایەوێت بچێتە یوڤێنتوس، بارساش بە گرنگییەوە دەڕوانێتە گواستنەوەی دیماریا.
 
لەلایەکی دیکەوە ئاندریاس کریستێنسن بەرگریکاری چێڵسی قسەیکردووە و دەڵێت " بارسێلۆنا لە باشترین یانەکانی جیهانە، دەزانم ئێستا کێشەی هەیە، بەڵام هەمیشە یاریزانەکان دەیانەوێت یاریی بۆ بکەن."
 
پرسیار لە کریستنسن کراوە، کە دەتوانین پیرۆزبایی چۆنت بۆ بارسێلۆنا لێبکەین؟ ئەو دەڵێت " دەبێت توزێک چاوەڕێ بکەین."
 
سوارێز دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە
 
لویس سوارێز دەیەوێت لە ئەوروپا درێژە بە کاروانی یارییکردنی بدات و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە، دوای ئەوەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید رۆیشت.
 
میدیای ئیتاڵیا سوارێز ئامادەیە بێبەرامبەر بچێتە یانەی یوڤێنتوس، بۆ ئەوەش تواناکانی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی یانەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا یانەکە دەستبەرداری ئەلڤارۆ مۆراتا نەبووە، زەحمەتە ئەو گرێبەستە سەربگرێت.
 
یوڤێنتوس دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئانخیل دیماریا و فیلیپ کوستیچ بکات، مووچە 5 ملیۆن یۆرۆییەکەی سوارێزیش یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم ئەنجامدانی ئەو گرێبەستەیە.
 
پێشتر سەرۆکی یانەی ریڤەرپلەیت رایگەیاندبوو، قسەیان لەگەڵ سوارێز کردووە، بەڵام هیچ یەکلانەبووەتەوە.
 
دوای هالاند ئەم یاریزانە ئامانجی مان سیتییە
 
دوای ناساندنی ئێرلینگ هالاند، یانەی مانچێستەر سیتی پێش دەستپێکردنی کەمپی هاوینە دەیەوێت گرێبەستی کالڤین فیلیپس، یاریزانی یانەی لیدز یونایتد بۆ یانەکەی یەکلابکاتەوە، گواردیۆلا دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ جێگرتنەوەی فێرناندینیۆ بباتە ریزەکانی، گرێبەستی یاریزانەکە لە 2024 کۆتاییدێت و نرخی دەگاتە 60 ملیۆن پاوەند.
 
بەیڵ باشترین بژاردە دیاریدەکات
 
گارێس بەیڵ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی وێڵز دەڵیت " بژاردەی زۆرم لەبەردەستە و دەمەوێت لەم هاوینەدا باشترین بژاردە هەڵبژێرم، کە لە بەرژەوەندی خۆم و ماڵباتەکەم و منداڵەکانمدابێت، پرسیار لە بەیڵ کراوە کە کاردیف سیتی یەکێک لە بژاردەکانە، ئەو دەڵێت " ناتوانم هیچ لەو بارەیەوە بڵێم."
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە مۆرینیۆ داوای لە بەیڵ کردووە پەیوەندی بە رۆماوە بکات.
 
کۆنتی گۆڕانکاری گەورە لە تۆتێنهامدا دەکات
 
یانەی تۆتێنهام هەنگاوەکانی بۆ رێکخستنەوەی یانەکەی چڕکردووەتەوە و چەند گۆڕانکارییەک دەکات، یانەکە لە گواستنەوەی ئیف بیسومای یاریزانی برایتۆن نزیکبووەتەوە و بەرامبەر 25 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە یانەکە کاردەکات بۆ گواستنەوەی ریچارلیسۆن، بۆ ئەوەش ئامادەیە لوکاس مورا و هاری وینکس بداتە یانەکە، سپێرز لەسەر داوای ئەنتۆنیۆ کۆنتی دەیەوێت دەستبەرداری 8 یاریزان ببێت.