ئەمشەوی نەیشنسلیگ.. ئەڵمانیا میوانداریی ئیتاڵیا دەکات

14-06-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گرووپی سێیەمی ئاستی یەکەمی نەیشنسلیگ، کە بە بەهێزترین گرووپی پاڵەوانێتییەکە دادەنرێت، بە رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کۆتاییان دێت، لە کاتێکدا ئینگلتەرا دوای ئەوەی لە یاری چووندا بە هەنگاریا دۆڕا، ئەمجارە پێشوازی لەو هەڵبژاردەیە دەکات و ویستی تۆڵەکردنەوە بەسەر یاریزانەکانیدا زاڵە.
 
تاوەکو ئێستا، نە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و نە هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش، ئاستی پێشبینیکراویان پێشان نەداوە و لە رووی ئەنجامیشەوە هیچکام لەو دوو هەڵبژاردەیە نەیانتوانیوە متمانەی تەواوی هاندەرەکانیان بەدەست بهێنن.
 
ئیتاڵیا هێشتا تارمایی سەرنەکەوتن بۆ مۆندیال بەسەریەوەیەتی، هەڵبژاردەکە لە دۆخی خۆرێکخستنەوە و هەڵسانەوە و گەڕان بەدوای شوناسێکی نوێدایە. رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەر کە لەسەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، گرەو لەسەر دەرکەوتنی باش و باشتری هەڵبژاردەکەی لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە دەکات. 
 
ئیتاڵیا گەرچی هێشتا بەدەست کەمیی یاریزانی لێهاتوو و ئەستێرەی باشەوە دەناڵێنێت و خولی ئیتاڵیا هیچ یاریزانێکی باشی بۆ بەرهەم ناهێنێت، بەڵام هەوڵدانی مانچینی بۆ هێنانە پێشەوەی ئەو یاریزانانەی هێشتا وەک یاریزانی ئاسایی دەرکەوتوون بەردەوامە.
 
ئیتاڵیا هەرچۆنێک بێت، پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە، بۆ هەمووان لە ئازۆریدا زۆر گرنگە نەیشنسلیگ ببێتە سەرەتایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی نەگەیشتن بەمۆندیال لە رێگەی سەرکەوتن بۆ چوارگۆشەی زێڕینی نەیشنسلیگ. چونکە ئەگەر مانچینی بتوانێ ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنێت، بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ ئەو بەڵێنەی مانچینی بە ئیتاڵییەکانی داوە لەبارەی دروستکردنی تیپێکی بەهێز و رکابەر لەسەر مۆندیالی 2026.
 
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا گەرچی لەو کاتەوە لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەرەوە مەشقدەدرێت دووچاری هیچ شکستێک نەبووە، بەڵام ئەنجامەکانی لە نەیشنسلیگدا جێگەی دڵنیایی و متمانە نین بەشێوەیەک کە ئەڵمانەکان لەوە دڵنیا بکاتەوە هەڵبژاردەیەکی بەهێزیان هەیە لە مۆندیالی قەتەردا.
 
ئەڵمانیا لە نەیشنسلیگی ئەمساڵدا سێ یاری ئەنجامداوە، گەرچی لە هیچ یارییەکدا نەدۆڕاوە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکیشی بەدەستنەهێناوە. سێ یەکسانبوون بەرامبەر هەرسێ هەڵبژاردەکەی گرووپەکەی، هێندەی دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەڵمانیا نادۆڕێت، هێندەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی ئەڵمانیا توانای بردنەوەی نییە.
 
لەگەڵ فلیکدا ئەڵمانیا هێشتا لە قۆناخی خۆ نۆژەنکردنەوە و هەڵسانەوەدایە و ئەوەی فلیک دەیخوازێت گەیشتنە بەپێکهاتەیەک توانای رکابەریی لەسەر نازناوی مۆندیالی هەبێت. بەڵام تا ئێستا ئەوە بەدینەهاتووە و یارییەکەی ئەمشەو دەکرێ هەنگاوی یەکەمینی ئەڵمانیا بێت بۆ گەیشتن بەڕاستەڕێی سەرەتایەکی باش لەپێناو مۆندیالی قەتەردا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە