مێسی و رۆناڵدۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

14-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئاشکرایانکرد کە یانەی بارسێلۆنا هەوڵدەدات لە م هاوینەدا لە جامی خوان گامبەردا بەرامبەر یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی یاری بکات.

جامی خوان گامبەر پاڵەوانێتییەکی دۆستانەیە و لە دەستپێکی هەر وەرزێکدا بارسا وەک رێزێک بۆ خوان گامبەری دامەزرێنەری ئەنجامدەدات و بۆ ئەو یارییە میواندرایی یانەیەک دەکات.

یەکەم پاڵەوانێتی ساڵی 1966 لە سەردەمی ئێنریک لودیتی سەرۆکی یانەکە بەڕێوەچوو، لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچێت، کە تەنیا یارییەکە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، رایگەیاند هەردوو یانەی بارسێلۆنا و یوڤێنتوس لە هاوینی ئەمساڵدا رکابەری لەسەر جامی گامبەر دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو یارییە بە ئامادەبوونی هەردوو یاریزان، لیۆنێل مێسی کاپتنی بارسێلۆنا و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یوڤێنتوس ئەنجام بدرێت، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو دووانە بەردەوام بن لەگەڵ بارسا و یوڤێنتوس، کە میدیاکان زۆر باس لە ئەگەری رۆیشتنیان لە یانەکانیان دەکەن.

بارسێلۆنا وەرزی رابردوو لە جامی خوان گامبەردا بەرامبەر یانەی ئێلچێ یارییکرد و بە ئەنجامی 1 - 0 بۆ بەرژەوەندی بارسا کۆتاییهات.

کەس نییە حەزنەکات دوو باشترین یاریزانی دوایین 15 ساڵی جیهان بەرامبەر یەکدی یاری نەکەن، هەموو جیهان چاوەڕێی ئەوەیە جارێکی دیکە رووبەڕووبوونەوەی مێسی و رۆناڵدۆ ببینێتەوە.

لە کۆتایی مانگی شەشدا گرێبەستەکەی میسی لەگەڵ بارسێلۆنا بەسەردەچێت و هێشتا نەگەیشتووەتە رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی، هەروەها بەردەوامی کریستیانۆ رۆناڵدۆش لەگەڵ یوڤێنتوس جێی پرسیارە؟







کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە