رێبوار محەمەد
چەند ساڵی پێشوو، بەهۆی بەرنامەی وەرزینەوە تێکەڵاوی زۆرم لەگەڵ وەرزشوانان و بەرپرسانی وەرزشی کوردستان هەبوو، هەموو جار لە باسوخواسی تایبەت بە وەرزشی کوردستاندا، بابەتەکە سەریدەکێشایەوە بۆ کێشە سەرەکییەکە، کێشەی پارە و نەبوونی بوودجە. ئەو دروشمەی هەموو سەرۆک یانەیەکی کوردستان کردوویەتی بەوێردی سەر زمانی خۆی.
ئەمڕۆژانە کە کۆرۆنا تەنگی بە وەرزشی جیهانی و تۆپی پێ بەتایبەتی هەڵچنیوە و هەمووانی دووچاری کێشەی گەورەی بێپارەیی و نزیکبوونەوەی داهات لە سفر کردووەتەوە، یانەکانی ئەوروپا لە بیرکردنەوەی قوڵدان لەسەر دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات و رێگەچارەی رزگاربوون لە دۆخی خراپی داراییان.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن دۆخەکە بەشێوەیەک لە یانە گەورەکاندا تەنگە، ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە ئیسپانیا هەریەکەیان داوای 100 ملیۆن یۆرۆ قەرزیان لە حکوومەتی ئیسپانی کردووە. لە یانەکاندا پارە نەماوە و تەنگژەکە زۆر قورسبووە، ئاخر ئەو یانانە لە چەند مانگی رابردوودا، نزیکەی هەموو سەرچاوەکانی داهاتیان لەدەستدا. یارییەکان راوەستان، هاندەران نەمان، کۆمپانیاکان روو لە مایەپوچبوونن و هەموو شت پەکی کەوتووە،.
ئەم رووداوانە وایانکردووە یانەکانی ئەوروپا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولەکاندا، هەوڵی دۆزینەوە سەرچاوەی نوێ بۆ داهاتەکانیان بدەن و کەمێک قەرەبووی زیانە زۆرەکان بکەنەوە. ئاخر چونکە سیستەمی ئەوێ وەهایە کە کەس چاوەڕێی دەستی حکوومەت ناکات بۆئەوەی کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات، بۆیە تاکە رێگە لەبەردەستی هەموواندا دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهاتە.
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە بۆشایی بێپارەیی و هاوکات نەبوونی جەماوەر، هەندێک لە یانەکانی ئەڵمانیا ئامادەبوون رێگەبدەن هاندەرەکانیان وێنەی خۆیان لە کاتی یارییەکاندا لەسەر کورسی یاریگە دابنێن و ئەوەش بەرامبەر 19 یۆرۆ بوو بۆ هەر یارییەک. نزیکەی هەموو یانەکانی ئەوروپا باوبوون و پێویستبوونی ماسکیان قۆزتەوە و کردیانە مۆدێل هاندەرەکانیان ئەو ماسکانە بەکاربهێنن کە لۆگۆی یانەکانیانی پێوەیە. ئێستا هەموو یانەکان ماسک بە لۆگۆکانی خۆیانەوە دەفرۆشن و ئەوەش سەرچاوەی نوێی داهاتە بۆیان.
من سەردانی پێشانگەی هەمیشەیی چەندین یانەی جیهانیم کردووە، لەوێ سەرسام بووم بەوەی یانەکان لە جلوبەرگی کەسێکی ئاساییەوە، تا هەزاران جۆری جیاوازی کەلوپەلی وەرزشی و ناوەرزشی، بەلۆگۆی خۆیانەوە دروستدەکەن و دەیفرۆشنەوە، ئەوە سەیر نییە کە لەسەردەمی کۆرۆنادا، ماسک داهێنراوێکی دیکەی فرۆشتنەوەی یانەکان بێت.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە هەوڵی یانەکان بۆ بەگەڕخستنەوەی جوڵەی داهات بەرەو یانەکانیان لە نمایشکردن و خستنە بازاڕی بەشێکی زۆری یانەکانە بۆ درێسەکانی وەرزی داهاتوویان. لەکاتێکدا هێشتا وەرزی ئەمساڵ کۆتایی نەهاتووە، زۆرینەی یانەکان درێسی وەرزی داهاتوویان لە بازاڕدا دەفرۆشنەوە، ئەمە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پەیداکردنی پارە و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات.
رۆژانی داهاتوو بێگومان یانەکان رێگەی دیکەی پارە پەیداکردن دەدۆزنەوە، هەموو کارەکان بۆ ئەوەیە رێککردنەوەی باری دارایی لە یانەکاندا هەنگاوی خێرا و دروستی بۆ بنرێت. کارەکەی ئەوان منی بردەوە بۆ سەر نەخۆشییە درێژخایەنە هەمیشەییەکەی وەرزش لە کوردستان، بۆچی یانەکانی کوردستان بۆخۆیان پارە پەیدا ناکەن؟ بۆچی لێرە ئەرکی حکوومەت و حیزبە یانەی وەرزشی بەخێو بکات؟
وەک لەسەرەتاوە گوتم، چەندینجار ئەو پرسیارەم لە سەرۆک یانەکان کردووە، هەمووان بۆ هەر پێشنیاز و بیرۆکەیەک کە دێتە ئاراوە، بیانوویەک و زیاتر دەهێننەوە و بەکورتی دەست بەکڵاوی خۆیانەوە دەگرن با نەیبات.
زۆر سەیرە فرۆشتنەوەی درێسی هەر یانەیەک کارێکی زۆر ئاسان و سەرەتاییە بۆ پەیداکردنی پارە بۆ یانەکان، کەچی ساڵانێک کە هەولێر و دهۆک دەبوونە پاڵەوانی عێراق، نەیاندەتوانی دەست بۆ پرۆژەیەکی لەو شێوەیە ببەن، کەچی دەربەندیخان و چەمچەماڵ ئەوەیان کرد و هاوبەشبوون لە پارەی فرۆشتنەوەی درێسەکانیاندا.
راستیت دەوێ ناتوانم باوەڕ بەبیانووی هیچ کام لەو بەرپرسە وەرزشییانە بکەم کە ئەوەندەی بەدوای بیانوو بۆ کارنەکردندا دەگەڕێن، ئەوەندە خەمی دۆزینەوەی رێگەچارەیان نییە. ئاخر کە فێری حازرخۆری بووی، خوویەکە و بەئاسانی بۆت تەرک ناکرێ.
هاوڕێ کورمانجییەکانم هەموو جار پەندێک لەسەر ئەوە دەهێننەوە کە دەڵێ: ئەگەر مێر مێر بیت، بلا خەنجەرا وی کێر بیت. سۆرانییەکانیش دەڵێن ئەگەر تەشی رێس تەشی رێس بێت، بە کلکی بزنیش تەشی خۆی دەڕێسێت. چونکە وەرزشی ئەوروپی لەلایەن تەشی ڕێسەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات لە خراپترین دۆخی دارایی دونیاشدا ئاسانە، کەچی لە کوردستان چونکە هەمیشە بمدەرێ پێش لێم وەرگرە بووە، دەسەڵاتدارانی یانەکانی کوردستان بیر لەوە دەکەنەوە کام بەرپرس پارەی بەیانەکەیان نەداوە تا رووی تێبکەن و پارەی لێبسەنن، نەک ئەوەی سەرچاوەی داهاتی شەرعی بۆ یانەکانیان بدۆزنەوە و کارێک بکەن نە مایەپوچبوونی حکوومەت و نە تەنگژەی کۆرۆنا نەتوانن پێگەی یانەکانیان لەق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ