پۆرتوگال و ئایسلەندا دوایین یاری گەڕی یەکەم ئەنجامدەدەن

14-06-2016
رووداو وەرزشی
پۆرتوگال
پۆرتوگال
نیشانەکردن یۆرۆ2016
A+ A-

لە دووەم یاری ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، کە دوایین یاری گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانە، هەڵبژاردەی پۆرتوگال رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئایسلەندا دەبێتەوە.

پۆرتوگالیەکان چاویان لەدەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە تاوەکو هەڵبژاردەکەیان بەرەو سەرکەوتن ببات، ئایسلەندای یەکەمجار بەشداریش دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و کۆڵەکەی تیپەکەی داوەتە دەست ئیدۆر گۆدیانسنی کاپتنی هەڵبژاردەکە.

پۆرتوگالییەکان لە یەکەم دەرکەوتنیان لە یۆرۆی 2016، ترسیان لەو هەڵبژاردانە هەیە کە خاوەنی ئەزموون نین و نەناسراون.

یەکەم یاری هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یۆرۆدا ئەمڕۆ بەرامبەر ئایسلەندا دەبێت، کە یەکەمجارە بەشداری پاڵەوانیەتییەکی گەورە دەکات.

پۆرتوگال خاوەنی ئەزموونی گەورەیە لە یۆرۆدا و سێجار گەیشتووەتە چوارگۆشەی زێڕینی ئەو پاڵەوانیەتییە و لە یۆرۆی 2004 کە لەسەر خاکی پۆرتوگال ئەنجامدرا، ئەوان لە یاری کۆتاییدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یۆنانیەکان دۆران.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی، ئومێد دەکەن یۆرۆی 2016 گرێی بەختی ئەوان بەرامبەر ئەو نازناوە کیشوەرییە بکاتەوە.

رۆناڵدۆ لە هەمووان زیاتر چاوی لەسەر دەبێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکانی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بگوازێتەوە ئاستی هەڵبژاردەکەشی.

جیا لە رۆناڵدۆ گەڕانەوەی ریکاردۆ کوارێزما بۆ ئاستی بەرزی خۆی، پەنجەرەیەکی دیکە بەڕووی پۆرتوگالییەکان دەکاتەوە بۆ دەستخستنی ئەنجامێکی باش لە پاڵەوانیەتییەکەدا.

ئایسلەندا لای خۆیەوە نایەوێ تەنیا بەشداربوویەک بێت و بەس، ئالفرێد ڤینبۆگاسۆنی هێرشبەری هەڵبژاردەکە پێی وایە ئەوان فێری ئەوە نین تەنیا تەماشاچی سەرکەوتنی ئەوانیدیکە بن.

هەڵبژاردەی ئایسلەندا چەند یاریزانێکی بە ئەزموون لە ریزەکانیدا هەن، دیارترینیان ئیدۆر گۆدیۆنسۆنی تەمەن 37 ساڵە کە ساڵی 2009 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنادا نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە