وەین روونی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد بەساختەچی ناودەبات


رووداو دیجیتاڵ

وەین روونی، ئەستێرەی پێشووی ئینگلتەرا و یانەی مانچێستەر یونایتد، گومانی لە پێکرانی زۆری یاریزانانی مانچێستەر یونایتد هەیە، گاڵتەی بەئاستی یاریزانانی یانەکە کرد، لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا.
 
روونی 38 ساڵ، لە دوای شکستی تیپەکە بەرامبەر ئارسیناڵ بەگۆڵێکی بێبەرامبەر و تەواو بێئومێدبوونی یانەکە لە گەیشتن بەپاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو، یاریزانەکانی مانچێستەر یونایتد بەساختەچی و خۆدزینەوە لە یارییەکان تۆمەتبارکرد.
 
روونی قسەی بۆ میدیای بەریتانیا کردووە، هەندێک نهێنی باسکردووە و دەڵێ، "تیپەکە ژمارەیەک یاریزانی باشی هەیە، بەڵام ئەو ئاستەی پێشکێشی دەکەن زۆر کەمترە لەوەی لێیان چاوەڕێکراوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەگەرچی دەتوانین، وایدابنێین ئەوان لەپێناو راهێنەرەکەیاندا هەوڵدەدەن تاوەکو لە رەخنە دووری بخەنەوە، بەڵام لە راستیدا من پێموایە ئەوان بەپێی پێویست خۆیان ماندوو ناکەن، تاوەکو راهێنەرەکەیان لە رەخنە دووربخەنەوە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "کاتێک یارییەکانی خولی ئەوروپی یان یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا نزیکدەبێتەوە، ئاسانە یاریزانە بەئەنقەست خۆیان دووربخەنەوە و بڵێن پێکانمان هەیە، بەڵام پاشان هەر ئەوان دێن و بۆ یارییە گرنگەکان دەڵێن ئێمە ئامادەین".
 
روونی دەڵێ، "من خۆم بەدرێژایی ساڵانی یاریکردنم ئەوەم لە یاریزانان بینیووە کە بۆ هەندێک یاری دەڵێن پێکانمان هەیە، بەڵام ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بەزیانی راهێنەر دەشکێتەوە کە دەبێ بەرپرسیارێتی ئەوان هەڵبگرێت".
 
مانچێستەر یونایتد ئێستا گیرۆدەی دەستی یاریینەکردنی چەندین یاریزانی بووە، لە نێویاندا برۆنۆ فێرناندێز، مایسن ماونت، مارکۆس راشفۆرد، کە ئەمانە چوونە پاڵ لیستی یاریزانە پێکراوەکانی یانەکە کە بریتی بوون لە هاری ماگوایەر، لوک شاو، رافایێل ڤاران، لیساندرۆ مارتینێز، ڤیکتۆر لیندیلۆڤ و تیریل مالاسیا.
 
روونی گومانی لە بوونی پێکانی راستەقینە لە جەستەی ئەو هەموو یاریزانەی یانەکەدا هەیە.
 
مانچێستەر یونایتد تاوەکو ئێستا لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ 14 یاریی دۆڕاندووە، لە کۆتاییەکانی وەرزەکەدا بەرامبەر نیوکاسڵ و پاشان برایتن یارییدەکات و دواتر یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە نێو وێمبڵی.
 
روونی پرسیار دەکات، بۆچی بۆ یارییەکەی ئارسیناڵ، ئەو هەموو یاریزانە توانای بەشداریکردنیان نەبوو، لە کاتێکدا یارییەکە دەیتوانی ئومێدی گەیشتنی مانچێستەر یونایتد بەپاڵەوانێتییەکی ئەوروپی لە وەرزی داهاتوودا، زیندوو بکاتەوە؟
 
روونی لە 2004 تاوەکو 2017 یاریزانی مانچێستەر یونایتد بووە، 393 یاری بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە و 183 گۆڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکردووە.