ڤیدیۆ؛ دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ئەم وەرزەی لیگ وەن

14-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان
لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان
نیشانەکردن باشترینەکانی لیگ وەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولی فەرەنسا بەڕێوەچوو، یانەی پاریس سانجێرمان، پاڵەوانی خولەکە، کۆنتڕۆڵی خەڵاتەکانی کرد.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەکی زۆری ئەستێرەی پێشوو، بە یاریزان و راهێنەرەوە، هاوشانی ئەستێرەکانی ئێستای خولەکە ئامادەبوون، 34ـەم رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا ئەنجامدرا.
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەکەی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە تۆمارکردنی 27 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە و سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی خولی فەرەنسا.
 
جیانلویجی دۆنارووما، گۆڵپارێزی ئیتاڵی و یانەی پاریس سانجێرمان بۆ جاری دووەم وەکو باشترین گۆڵپارێزی خولەکە دەستنیشانکرا.
 
زایر ئێمری، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، وەکو باشترین یاریزانی لاو لە خولەکەدا خەڵاتکرا.
 
ئێریک رۆی، راهێنەری یانەی برێس وەکو باشترین راهێنەری خولی فەرەنسا دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و رکابەری لەسەر گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات.
 
لە پێکهاتەی باشترینەکانی خولەکەدا، 7 یاریزانی پاریس سانجێرمان هەن کە ئێمباپێ، دۆنارووما، زایر ئێمری، ئەشرەف حەکیمی، مارکینیۆس، ڤیتینیا و عوسمان دێمبێلین.
 
پیێر ئۆبامیانگ یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ناوی لە پێکهاتەکەدایە، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ مارسیلیا پێشکێشیکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە