ئەمڕۆ دەستەی کاتیی یانەی هەولێر دەستبەکار دەبن

14-05-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر دەستەی کاتیی یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر

دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی پێشووی کارگێڕیی یانەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشیی کوردستان دەستەیەکی کارگێڕیی کاتیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری یانەی هەولێر دەستنیشانکرد. 
 
موئەیەد مەغدید، سەرۆکی دەستەی کاتیی یانەی هەولێرە، هەریەک لە سروود غازی، جەلال پەرێشان، سیروان تەها، جێماو کاڕەش، رێبوار جەباری، نەوزاد سابیر، شاخەوان عارف لەگەڵ نزار سڵێوە ئەندامن. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشیی کوردستان، بەشێوەیەکی فەرمی نووسراوی دەستبەکاربوونی دەستەی کارگێڕیی کاتی یانەی هەولێری کرد، بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوو ستافی کارگێڕیی نوێی یانەکە دەستبەکارکردن بکەن. 
 
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشیی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە دەستەی پێشووی کارگێڕیی یانەی هەولێرمان دوورنەخستووەتەوە، ئەوان چوار ئەندامیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و ئیدی رێژەیی یاسایی لە ئەندامانی یانەکە نەما، هەربۆیە دەستەیەکی کاتیمان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری یانەکە دانا". 
 
سێ مانگە یانەی هەولێر نەیتوانیوە مووچەی یاریزانانی بدات و ئەنجامەکانی تیپەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق خراپە. 
 
ئیسماعیل، زیاتر گوتی "کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر دەکرێن و لەگەڵ برای بەڕێزم ئومێد خۆشناو باسی هاوکاریکردنی یانەی هەولێرمان کردووە". 
 
یانەی هەولێر لە 1968 دامەزراوە، چوار جار نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووەتەوە، دوو جاریش پلەی دووەمی لە جامی یەکێتی ئاسیا وەرگرتووە.
 
پڕۆفایلی دەستەی کاتیی کارگێڕیی یانەی هەولێر
 
ناو: موئەیەد مەغدید
تەمەن: 64 ساڵ 
بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە یاسا
کارەکانی پێشوو: راهێنەری بالەی هەولێر
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی هەولێر
سەرۆکی یەکێتیی بالەی عێراق
جێگری سەرۆکی لێژنەی ئۆڵیمپی کوردستان
پسپۆڕ: بالە
 
 
ناو:  جەلال پەرێشان
تەمەن: 56 ساڵ
بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە وەرزش
کارەکانی پێشوو: ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی هەولێر - راگەیاندکار
پسپۆڕ: تۆپی پێ
 
ناو: رێبوار جەباری 
تەمەن: 45
بڕوانامە: دبلۆمی باڵا لە وەرزش، قوتابی ماستەر
کارەکانی پێشوو: راهێنەری هەولێر 
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی هەولێر
ئەندامی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق
پسپۆڕ: گۆڕەپان و مەیدان
 
ناو: نزار سلێوا
تەمەن: 53 ساڵ
بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری
کارەکانی پێشوو: یاریزانی پێشووی هەولێر
بروانامەی A ئاسیا - بەرپرسی ئەکادیمای تۆپی پێ
پسپۆڕ: تۆپی پێ
 
ناو: سیروان تەها
تەمەن: 41 ساڵ
بڕوانامە: دکتۆرا لە کیمیای ئەندامی
کارەکانی پێشوو: سکرتێری یەکێتیی تێنس - هەولێر
راهێنەری هەڵبژاردەی عێڕاق
سەرپەرشتیاری تیپی تێنس لە یانەی هەولێر
پسپۆڕ: تێنس
 
ناو : سروود غازی
تەمەن: 55 ساڵ
بڕوانامە: بەکالۆریۆس
کارەکانی پێشوو: یاریزانی یانەی هەولێر - راهێنەر
پسپۆڕ: تۆپی پێ
 
ناو: جێماو کارەش
تەمەن: 43 ساڵ
بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە کارگێڕیی و قوتابی ماستەر 
کارەکانی پێشوو: بەڕێوبەری ناوەندی لاوان
بەرپرسی لێژنەی بازاڕگەری یانەی هەولێر
پسپۆڕ: بازاڕگەری
 
ناو: شاخەوان عارف 
تەمەن: 39
بڕوانامە: دکتۆرا
کارەکانی پێشوو: یاریزانی یانەی هەولێر
راهێنەری توانی جەستەی یانەی هەولێر
پسپۆڕ: تۆپی پێ

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە