خەونی مۆرینیۆ ریال مەدریدە و ریال خەونێکی دیکەی هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و هەواڵەکانی تایبەت بە داهاتووی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما بەردەوامن، کە ئەگەری هەیە لەگەڵ یانەکە بەردەوام نەبێت.
 
رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت "لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ مۆرینیۆ واژۆبکات، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا راهێنەرایەتی یانە فەرەنسییەکە وەربگرێت."
 
بەپێی سەرچاوەکە، کامپۆس ئامانجی ئەوەیە پڕۆژە نوێیەکەی پاریس سانجێرمان بداتە دەست راهێنەرە پۆرتوگالییەکە و دوای ئەوە کار بۆ دروستکردنی تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو بکەن.
 
لاگازێتا دەڵێت "جۆزی مۆرینیۆ خەون بە گەڕانەوە بە ریال مەدریدەوە دەبینێت، بەڵام لە ریال مەدرید هیچ گرنگییەک بۆ ئەم بابەتە نییە، بەتایبەت لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکەوە."
 
رۆژنامە ئیتاڵییەکە لەبارەی ئامانجی ریال مەدریدەوە نووسیوویەتی "بژاردەی یەکەمی ریال مەدرید یۆرگن کڵۆپە، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە هاوینی 2026 تەواو دەبێت."
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، پابەندی گرێبەستەکەی دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ئەو یانەیەش گوتبووی "ئێمە لەگەڵ ئەنچێلۆتی دڵخۆشین و گرێبەستەکەی ساڵێکی ماوە."
 
پاریس سانجێرمان لە بارودۆخێکی خراپدایە، سەرەڕای ئەوەی نزیکە نازناوی خولی فەرەنسا بباتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە کریستۆڤ گالتێ، لە راهێنەرایەتی یانەکە دووربخرێتەوە.
 
جۆزێ مۆرینیۆ، تیپێکی بەهێزی بۆ رۆما دروستکردووە، وەرزی رابردوو نازناوی کۆنفرانسلیگی بۆ یانەکە بردەوە، ئەم وەرزە لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکات، بەڵام پێناچێت بۆ وەرزی داهاتوو راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە ئیتاڵیا بەردەوام بێت.