چی لەبارەی "کودەتای سەدە"ـەوە دەزانی؟ کاتێک ئێمباپێ مێسی رەتکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە فەرەنسا، هەندێک لە دیمەنەکانی پشت گواستنەوەی مێژوویی لیۆنێل مێسی بۆ پاریس سانجێرمان ئاشکرا دەکات، کە لە هاوینی 2021 لیۆ بە گرێبەستێکی ئازاد لە بارسێلۆناوە چووە پاریس سانجێرمان.
 
پاریس لە رێگەی گرێبەستێکی ئازادەوە مێسی بردە ریزەکانی، دوای ئەوەی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا نەیتوانی گرێبەستە نوێیەکەی لیۆنێل تۆماربکات بەهۆی ئاستەنگە ئابوورییەکانەوە.
 
بەگوێرەی تۆڕی لی سپۆرت 10، کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە نەبووە، کە بە "کودەتای سەدە" ناسرا و بریتی بوو لە گرێبەستی گواستنەوەی مێسی بۆ یاریگای پارکی شازادەکان.
 
ئەو سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە کە ئەستێرە فەرەنسییەکە لەو کاتەدا ویستوویەتی یانەکەی گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەی پۆڵەندی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پێشووی بایرن میونشن و هێرشبەری ئێستای بارسێلۆنا بکات، نەک لیۆنێل مێسی.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "بەهۆی پەیوەستبوونی لیڤاندۆڤسکی بە گرێبەستێکەوە لەگەڵ بایرن میونشن لەو کاتەدا، ئەستەم بوو یاریزانەکە بچێتە پاریس، بۆیە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان پێیباشبوو دەرفەتی گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی لەدەست نەدات".
 
زۆر لە سەرچاوەکانی هەواڵ، بوونی گرژیی نێوان مێسی و ئێمباپێیان پشتڕاستکردەوە لە وەرزی یەکەمی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە باخچەی شازادەکاندا، گوایە یەکەمیان سەرکردایەتی گرووپی لاتینی دەکرد لەنێو یاریزانانی پاریس سانجێرماندا، لە کاتێکدا کیلیان  سەرکردایەتی کوتلەی یاریزانە فەرەنسی و ئەوروپییەکانی دەکرد لە ژووری جلگۆڕین.
 
وادیارە دوای دوو وەرز یاریکردنی مێسی لە یانەی پاریسی وایکردووە بۆچوونی ئێمباپێ لەسەر مێسی بگۆڕدرێت، کە کیلیان ئێستا پێیوایە مانەوەی لیۆ لە یانەکەیان زۆر پێویستە، چونکە ئەو هەمیشە یارمەتی خۆی و هاوڕێکانی دەدات بۆ بردنەوە.