یەکەم داوای پۆچێتینۆ لە چێڵسی 3 یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینییە

14-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماورێسیۆ پۆچێتینۆ چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، کە زۆر نزیکە ببێتە راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، داوای گرێبەستکردن لەگەڵ سێ یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی براوەی مۆندیال دەکات.
 
یانەی چێڵسی یەکلاییکردووەتەوە کە ماورێسیۆ پۆچێتینۆ وەک راهێنەری نوێی بۆ وەرزی داهاتوو دادەمەزرێنێت، و ئێستا یانەکە کار لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ راگەیاندنی فەرمی ئەو گرێبەستە دەکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی بەریتانیا، پۆچێتینۆ لەگەڵ یاریدەدەرەکەی، جیسۆس پێرێز و ستافی راهێنانەکان دەچێتە لەندەن، بەڵام تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بەفەرمی لەگەڵ تیپەکە دەستپێناکات.
 
پۆچێتینۆ و هەردوو بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە لۆڕێنس ستیوارت و پۆڵ وینستانلی تاوتوێی باشترکردنی تیپەکە دەکەن بۆ وەرزی داهاتوو.
 
یانەکە دەیەوێت لە هاویندا هێرشبەرێک، ناوەڕاستکارێک و گۆڵپارێزێک بگوازێتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێویستی بە فرۆشتنی چەند یاریزانێک هەیە لەوانەی چێڵسی پێویستی پێیان نییە.
 
لاوتارۆ مارتینێز بەهێزترین بەربژێرە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی هێرشبەری سەرەڕم، ئەگەرچی چێڵسی ئامانجی ئەوەیە ڤیکتۆر ئۆسیمێنی هێرشبەری ناپۆلی بگوازێتەوە.
 
چێڵسی هێشتا دیکلان رایسی دەوێت، بەڵام ڕووبەڕووی رکابەریی ئارسیناڵ دەبێتەوە بۆ گواستنەوەی، هەروەها چێڵسی لەسەر داوای پۆچێتینۆ کار بۆ گواستنەوەی ئەلێکسیس ماک ئالیستەری ئەستێرەی برایتۆن و ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی ئاستۆن ڤێڵا دەکات.
 
پۆچیتینۆ دەیەوێت مەیسۆن ماونت رازی بکات بۆ مانەوە، بەو پێیەی ماوەی گرێبەستەکەی تەنیا ساڵێکی ماوە و هێشتا رازی نەبووە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی. 

 

راهێنەری ئەرجەنتینی هەروەها لەگەڵ رۆمیلۆ لوکاکوی هێرشبەری بەلجیکی قسە دەکات کە ئێستا بەخواستن بۆ ئینتەرمیلان یاری دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئایا لەگەڵ ئینتەرمیلان دەمێنێتەوە یان نا وەرزی داهاتوو بەشێک دەبێت لە بلوز.
 
وا بڕیارە سێباستیانی کوڕی پۆچێتینۆ، نۆنی خیمینێزی راهێنەری گۆڵپارێزەکان و دی ئاگۆستینۆی یاریدەدەری راهێنەریش پەیوەندی بە تیپی مەشقەکانی پۆچێتینۆوە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە