کلۆپ: "پەرجوو" بەشێکە لە ناسنامەی لیڤەرپوول


رووداو دیجیتاڵ

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، کە یانەکەی ئێستا پلەی پێنجەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە، دەڵێ، پێشتر لە ژیانی لیڤەرپوولدا، زۆر "پەرجوو" روویانداوە، دانیبەوەداناوە کە تیپەکەی چارەنووسی خۆی بەدەست خۆی نییە کاتێک هەوڵدەدات کورسییەکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر بکات.
 
رێدز، کە پێشتر پلەی هەشتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتبوو، ئێستا بەجیاوازیی چوار خاڵ لە دوای مانچێستەر یونایتدە کە دوایین یانەی ریزبەندییە دەتوانێ سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکات. 
 
لیڤەرپوول لە ماوەی رابردوودا شەش بردنەوەی لەسەریەکی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە پلەی پێنجەمی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکە و ئێستا تەنیا یەک خاڵ لە مان یونایتدەوە دوورە.
 
کلۆپ بەبیری هێنایەوە کە تیپەکەی تەنیا سێ یاریی ماوە تاوەکو تەواوبوونی وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ، کە لەو سێ یارییەدا بەرامبەر لیستەر سیتی، کە هەڕەشەی دابەزینی لەسەرە، گەشتەکەی دەستپێدەکات. راهێنەری لیڤەرپوول لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەو جارانە کرد کە تیپەکەی ریمۆنتادای بەسەر دۆخی خۆیدا کردووە، لە نێویاندا ئەو سەرکەوتنەی بەسەر بارسێلۆنادا تۆماریکرد لە چوونی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2019 کە دواکەوتنی بە 3 - 0 گۆڕی بۆ سەرکەوتن و پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو.
 
لیڤەرپوول ساڵی 2021 سیناریۆیەکی هاوشێوەی هەبوو لە کۆتاییەکانی وەرزەکەدا و کورسییەکی لە چوار کورسیی پێشەنگی خولەکە مسۆگەرکرد، پاشئەوەی لە دوا خولەکی یاریی تیپەکەدا بەرامبەر وێست برۆمیچ ئالبیۆن، لەلایەن ئەلیسۆن بیکێری گۆڵپارێزەوە، گۆڵێکی کوشندەی تۆمارکرد.
 
کلۆپ دەڵێ، "هەر کەسێک بەشداریی ئەو ساتانەی ژیانی ئێمە و یانەکەی کردبێت، هەرگیز لەبیریان ناکات، ئەمە رووداوەکانە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەمە بەشێکە لە ناسنامەی بوونمان".
 
راهێنەری لیڤەرپوول زیاتر دەڵێ، "ئەوکات چارەنووسمان بەدەست خۆمان بوو، دەبوو بەرامبەر وێست برۆمیچ گۆڵ بکەین و لە بارسێلۆناش ببەینەوە".
 
کلۆپ زیاتر دەڵێ، "ئێستا دەبێ ببەینەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە هیچ شتێک گۆڕاوە، چونکە تیپەکانی دیکەش دەکرێ بردنەوە بەدەستبهێنن لە هەموو یارییەکانی خۆیاندا، جیاوازیی ئەمجارە ئەوەیە کە باسمکرد".
 
راهێنەری پێشووی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی وایداناوە کە گەیشتنی رێدز بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەگەرێکی زۆر دوور بوو.
 
بەڵام دووپاتی لەوە کردووەتەوە، کە هەمووان دەزانن ئێستا لیڤەرپوول لەسەر راستەڕێی خۆیەتی و ئەوەش سوودی بۆ تیپەکە و پێگەی تیپەکە لە وەرزی داهاتوودا هەیە.