بارسێلۆنا لەبەردەم یەکلاکردنەوەی لالیگادا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا، کاتێک بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل یارییدەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 34ـی لالیگا، ئەمشەو کاژێر 22:00 یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە دێربیی کەتەلۆنیادا دەبێتە میوانی یانەی ئیسپانیۆلی رکابەری، بارسا بۆ بردنەوەی نازناوەکە پێویستی بەبردنەوەیە و ئیسپانیۆلیش بۆ هەنگاونان بەرەو پاراستنی مانەوەی لە لالیگادا پێویستی بەبردنەوەیە.
 
یارییەکە بۆ هەردوولا گرنگییەکی زۆری هەیە، ئیسپانیۆل نایەوێت لە یاریگەی خۆیدا بدۆڕێت و زیاتر لە دابەزین بۆ خولی پلە یەک نزیکببێتەوە.
 
چاڤی هێرناندێز پلانەکانی خۆی بەهێزەوە دەباتە یاریگەی پاوەر 8 بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، چونکە بەبردنەوەی یارییەکە راستەوخۆ بارسا نازناوەکە یەکلادەکاتەوە و دەبێتە پاڵەوان.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی لالیگایە و 82 خاڵی هەیە، ئەگەر یارییەکەی ئەمڕۆ بباتە بۆ جاری 27ـەم لە مێژوویدا دەبێتە پاڵەوان، ئیسپانیۆل لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 31 خاڵە.