ڤیدیۆ؛ مان سیتی بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەو نازناوەکە و رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید

14-05-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
گۆڵەکان
گۆڵەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یانەی مانچێستەر سیتی بردنەوەیەکی بەنرخی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەسەر یانەی ئێڤێرتۆندا تۆمارکرد و بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لێیبردەوە. 
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی خولی یانەکانی ئینگلتەرا، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی گۆدیسۆن پارک بووە میوانی یانەی ئێڤێرتۆن و بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی لێبردەوە، بەمەش برینەکانی یانەی تۆڤێزی قووڵترکردەوە و لە ناوچەی مەترسیدار هێشتییەوە. 
 
لە خولەکی 37ـدا ئێلکای گۆندوگان بە شێوازێکی زۆر جوان گۆڵی یەکەمی یانەی مان سیتی تۆمارکرد، دوای 2 خولەک لەو گۆڵە، ئەمجارە نۆرەی ئێرلینگ هالاند هات و دوای بەرزبوونەوەیەکی نایاب، گۆڵی دووەمی مانچێستەر سیتی بە لێدانی سەر تۆمارکرد. 
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا مان سیتی بەردەوام بوو لە پێشڕەویکردن و لە خولەکی 51ـدا ئێلکای گۆندوگان بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی سێیەمی یانە مانچێستەرییەکەی هێنا و ئەنجامەکەی مسۆگەرکرد. 
 
هەر لەم گێمەدا و بۆ پاراستنیان، گواردیۆلا هەریەکە رۆبن دیاز، رۆدری، هالاند و گۆندوگانی دانیشاند و پشووی پێدان بۆ یاریی داهاتوویان لە رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بە یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا. 
 
مان سیتی هەنگاوێكی گرنگی بەرەو نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا هاویشت، دوای ئەوەی جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ئارسیناڵی دووەمدا کردە 4 خاڵ و بە 85 خاڵ لە پلەی یەکەم دێت، یانەی ئێڤێرتۆنیش خاوەنی 31 خاڵە و لە پلەی 17ـیەمدایە و شەڕی دابەزین دەکات، تەنیا یەک خاڵ لەپێش یانەی لیدزی 18ـیەوەیە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە