دایکی رۆناڵدۆ بێدەنگییەکەی شکاند و باسی پەیوەندی نێوان کریس و جۆرجینا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆلۆریس ئاڤیرۆ، دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، باسی لە دەنگۆکانی پەیوەست بەتێکچوونی پەیوەندی نێوان رۆناڵدۆ و جۆرجینای کچە هاوڕێکەی کرد. دایکی رۆناڵدۆ گوتی، ئەوە شتێکی ئاساییە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە، سەرچاوەکان باس لە بەرپابوونی کێشە و ناکۆکی لە نێوان رۆناڵدۆ و جۆرجینادا دەکەن، هەندێک سەرچاوە وایان دانابوو کە لێکجیابوونەوەی ئەو دووانە زۆر نزیکە.
لە دوای گەرمبوونی دەنگۆکانی پەیوەست بەبوونی کێشە لە نێوان جۆرجینا و رۆناڵدۆ، ئەو خانمە نمایشکارە 29 ساڵە، رەتیکردەوە هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ رۆناڵدۆدا هەبێت، ئەو لە پەیامێکدا لە سۆشیال میدیا گوتی، "حەسوودەکان دەنگۆ هەڵدەبەستن، چەنەبازەکان بڵاوی دەکەنەوە و گەمژەکانیش باوەڕی پێدەکەن".
دۆلۆریس ئاڤیرۆ، دایکی رۆناڵدۆ لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە هاتە سەر هێڵ و دووپاتیکردەوە هیچ ناکۆکی و کێشەیەک لە پەیوەندی نێوان کوڕەکەی و کچە هاوڕێکەیدا نییە. دایکی رۆناڵدۆ دەنگۆکانی بە درۆ ناوبرد.
دایکی کریس، لە میانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگایەک لە مادێرا قسەیکرد. ئەو خانمە تەمەن 63 ساڵە، لە ناوچەی فونشالی پایتەختی دوورگەی مادێرا، کە شوێنی لەدایکبوونیەتی، گوتی "هەموو ئەوەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە درۆیە، هەموو ژن و پیاوێک دەمەقاڵە و لێکتێنەگەیشتن لە نێوانیاندا روودەدات، ئەوە شتێکی ئاسایی و سرووشتییە".
پێشتر دایکی رۆناڵدۆ، لە مانگی دووی ئەمساڵدا سەردانی سعودیەی کرد، ئەوە یەکەمجاربوو دایکی رۆناڵدۆ بچێتە سعودیە بۆ بینینی رۆناڵدۆ و خێزانەکەی، پاشئەوەی نزیکەی مانگێک پێشتر، رۆناڵدۆ گرێبەستی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی واژۆ کرد.
لە نێو ئەو دەنگۆیانەدا کە باسیان لە تێکچوونی پەیوەندی نێوان رۆناڵدۆ و جۆرجینا دەکرد، باس لەوە دەکرا کە رۆناڵدۆ بێئومێد بووە لە جۆرجینا بەهۆی زۆر مانەوەی لەدەرەوە و سەرقاڵبوونی بەکاری بازرگانی و رێکلامکردن و بێئاگابوونی لە رۆناڵدۆ، تەنانەت هەندێک سەرچاوە گوتوویانە، کە هۆکاری ناکۆکی جۆرجینا و رۆناڵدۆ، دەرکەوتنی بەردەوامی جۆرجینایە لە مۆڵەکانی سعودیە بۆ بازاڕکردن.
دایکی رۆناڵدۆ، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە دەڵێ، "رۆنالدۆ لە سعودیە دڵخۆشە و منیش دڵخۆشم، چونکە هەمووان لەوێ دڵخۆشن، منیش هەر خۆشبەختیی ئەوانم دەوێت لە ژیانمدا".
پێشتر جۆرجینا لە دۆکۆمێنتاریی 'من جۆرجینام' باسی وردەکاریی یەکترناسینی نێوان خۆی و رۆناڵدۆی کردووە، ئەو لەبارەی کریستیانۆوە دەڵێ، "ئەو باوکێکی نایاب و کوڕێکی نایابە، هاوڕێ و هاوبەش و سەرۆک خێزانێکی نایابە، ئەو هەموو شتە نایابەکانی تێدایە".
لە هەمان دۆکۆمێنتاریدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە باسی پەیوەندیی نێوان خۆی و جۆرجینادا دەڵێ، هەموو جارێک بە جۆرجینا دەڵێم کە رۆژێک لە رۆژەکان، پەیوەندییەکەمان دەبێتە هاوسەرگیری، بەڵام نازانم ئەو رۆژە سبەی دەبێت یان ساڵێکی دیکە.