گالتێ، پەسنی کیلیان، پشتگیری مێسی و سەرکۆنەی حەکیمی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

پەیامەکانی کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی جیاوازبوو و هەمەچەشن بوون، دوای ئەوەی لە پاش سەرکەوتنی یانەکەی بەسەر ئەجاکسیۆدا بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر، قسەی بۆ میدیاکان کرد.
 
لە یارییەکەدا، هاندەرانی سانجێرمان جارێکی دیکە فیکەیان لە دژی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لێدا وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئاستی ئەو یاریزانە.
 
گالتێ، لە دوای یارییەکە گوتی، "بەڵێ هەندێک فیکە لە دژی مێسی هەبوون هەر کاتێک ئەو تۆپی وەردەگرت، بەڵام زۆرینە چەپڵەیان بۆ لێدەدا و سڵاویان لێدەکرد".
 
راهێنەرە فەرەنسییەکە زیاتر دەڵێ، "مێسی ئارامی و لەسەرخۆیی خۆی پاراست، ئەوەی کرد کە چاوەڕێکراوبوو لە یارییەکەدا بیکات، چونکە ئەو بەدرێژایی کاروانی یارییکردنی خۆی لەگەڵ ئەو جۆرە بارودۆخانە قورسانەدا راهاتووە، دووپاتیشی دەکەمەوە کە بەڵێ هەندێک فیکە لە دژی هەبوون، بەڵام زۆرینە سڵاویان لێکرد".
 
گالتێ، کە دۆخی لەگەڵ یانەکەیدا باش نییە و ئەنجامەکانی جێگەی رەزامەندی هاندەرانی یانەکە نییە، باسی لە دەرکردنی ئەشرەف حەکیمیش لە یارییەکەدا کرد، کە ئەوە دووەم یاریی لەسەریەکە ئەو یاریزانە کارتی سوور وەردەگرێت، گوتی، "ئەوەی ئەشرەف بەرامبەر لۆریان کردی ئێمە خستە کێشەوە، بەڵام ئەوەی لە یاریی ئەجاکسیۆدا روویدا، ئەنجامی دەمەقاڵەی نێوان ژمارەیەک یاریزان بوو".
 
گالتێ، لەبارەی حەکیمییەوە زیاتر دەڵێ، "کارتی سوور بڕیارێکی تووندە، بەڵام دەبێ یاریزان کۆنترۆڵی خۆی بکات و بەسەرخۆیدا زاڵ بێت، بەتایبەت کاتێک ئەنجام لە بەرژەوەندی ئێمەیە، چونکە ئەو نابێ رێگەبدات ناوبژیوان ئەو جۆرە بڕیارانەی بەرامبەر وەربگرێت".
 
لە بەرامبەردا، گالتێ، پەسنی تواناکانی کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەکەی کرد، کە دوو گۆڵی لە یارییەکەدا تۆمارکرد، دووپاتیکردەوە کە هەوڵەکانی ئەو هێرشبەرە "بۆ بردنەوەی نازناوی گۆڵکەری خولی فەرەنسا بۆ پێنجەمین جار لەسەریەک، هەنگاوێکی پۆزەتیڤە بۆ خۆی و بۆ تیپەکەی".
 
کیلیان ئێمباپێ، تاوەکو ئێستا پێشەنگی گۆڵکەرانی خولی فەرەنسای گرتووە بە 26 گۆڵ، رکابەری کیلیان لە بەدەستهێنانی نازناوی گۆڵکەری ئەمساڵی خولی فەرەنسا، ئەلیکساندەر لاگازیتی کاپتن و ئەستێرەی یانەی ئۆڵەمپیک لیۆنە کە تاوەکو ئێستا 24 گۆڵی تۆمارکردووە.