دوو یاریزانی ریال مەدرید دوایین یاری لە سانتیاگۆ بێرنابیو ئەنجامدەدەن

14-05-2017
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر


رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یاری ئەمڕۆی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی سێڤییا لە خولی ئیسپانیا دوایین یاری خامیس رۆدریگێزە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیو.

ریال مەدرید ئەمشەو لە نێو یاریگەی خۆی میوانداری سێڤییا دەکات و بەشێکی یاریزانانیش پێدەچێت ئەمشەو دوایین دەرکەوتنیان بێت لە یاریگەی یانەکەدا.

رۆژنامەی مارکای نزیک لە ریال مەدرید ئاشکرایکردووە، خامیس رۆدریگێز یەکێک لەو یاریزانانەیە کە لە یانەکە دەڕوات و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکات لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.



رۆژنامەکە ئەوەشی راگەیاندووە، رۆدریگێزی 25 ساڵ رازی بووە بە پەیوەندیکردن بە یانەکەی خۆسێ مۆرینهۆ و پێیوایە مانچێستەر یونایتد باشترین شوێنە بۆ ئەو.

مارکا زیاتر دەڵێت، یاریزانەکە بەهۆی کەم بەشداریکردنی لە یارییەکاندا بەتایبەتیش لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەیەوێت ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، بەتایبەتیش پێش یارییەکانی جامی جیهانی 2018 بۆ ئەوەی بەرگری لە ئاستەکەی بکات.



لەلایەکی دیکەوە کیپلەر پێپی، بەرگریکەری پۆرتوگالی یانەی شاهانەش ئەمشەو دوایین یاری خۆی بەدرێسی یانەکەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامدەدات و ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکەی دەکات، کە هاوینی داهاتوو روودەکاتە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی.

مارکا رایگەیاندووە، ئینتەرمیلان توانیی پێپی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا یانەکانی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان رکابەرییەکی زۆریان لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکرد.


هەر بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە پێپی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەکەی دەچێتە کاردیف و دوای ئەوەش دەچێتە میلانۆ بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیتالییەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە