رووداو دیجیتاڵ
یانەی نیوکاسڵ، هەنگاوێکی دیکە لە مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو نزیکبووەوە، پاش سەرکەوتنی گەورەی بەسەر مانچێستەر یونایتد بە 4 - 1 گۆڵ.
نیوکاسڵ لەگەڕی 32ی پرێمەرلیگ و لەسەر یاریگەی خۆی، میوانداریی مانچێستەر یونایتدی کرد و بە 4 - 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێنا و بەوەش کۆی خاڵەکانی گەیاندە 56 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە، لە کاتێکدا یارییەکی کەمتر لە نۆتێنگهام فۆرێستی سێیەمی ریزبەندییەکە ئەنجامداوە.
گۆڵەکانی نیوکاسڵ لە یارییەکەدا، لەلایەن ساندرۆ تۆنالی 24، هارڤی بارنز 49 و 64 و برۆنۆ گیمارایش 77 تۆمارکران. ئەلێخاندرۆ گارناچۆ لە خولەکی 37 تاکە گۆڵی مانچستەر یونایتدی تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە، نیوکاسڵ بە خاڵێک پێش مانچستەر سیتی کەوت، ئەگەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا یارییە دواخراوەکەی لە کریستاڵ پاڵاس بباتەوە، دەچێتە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە.
نیوکاسڵ بەبێ ئێدی هاوی راهێنەری یارییەکەی ئەنجامدا، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە مایەوە.
هاو دوای یارییەکە ئاشکرایکرد بەتەلەفۆن پەیوەندی بە جیسۆن تیندال و گرایم جۆنزی یاریدەدەرانییەوە کردووە و پیرۆزبایی لەوان و لە یاریزانەکان کردووە بۆ ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیان هێنا.
نیوکاسڵ لە وەرزی ئەمساڵدا، کۆتایی بەچاوەڕوانیی دوورودرێژی بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان هێنا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپدا بە 2 - 1 گۆڵ لە لیڤەرپوولی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ