بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، بایرلیڤەرکوزن بووە پاڵەوانی بوندێسلیگا

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی توانی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی بوندێسلیگا بەدەستبهێنێت. 
 
لە گەڕی 29ـی یارییەکانی بوندێسلیگا، لیڤەرکوزن گۆڵبارانی ڤێردەربرێمەنی کرد و سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 25ـی یارییەکەدا، ڤیکتۆر بۆنیفەیس بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی لیڤەرکوزنی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە تاوەکو لە خولەکی 60ـی یارییەکەدا، گرانیت شاکا بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی زیاترکرد.
 
دوای ئەو گۆڵە، فلۆریان ڤیرتز کۆنترۆڵی یارییەکەی گرتە دەست و سێ گۆڵی لە خولەکەکانی 68، 83 و 90ـدا تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی 5-0 لە بەرژەوەندی بایرلیڤەرکوزن کۆتایی هات. 
 
دوای ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، هاندەرانی لیڤەرکوزن رژانە نێو یاریگە و ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی بردنەوەی یەکەمین نازناوی بوندێسلیگا لە مێژووی خۆیاندا. یانە ئەڵمانییەکە بەبارودۆخێکی ناوازەدا تێپەڕدەبێت، بەشێوەیەک کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دوای بردنەوەی بوندێسلیگا، هەوڵی بەدەستهێنانی یۆرۆپالیگ و جامی ئەڵمانیا دەدات.