ئارسیناڵ دەیەوێت پێشەنگی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنێتەوە

14-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی ئارسیناڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی یاریی ئەمشەوی نێوان ئارسیناڵ و ئاستۆن ڤێلا، بەریەککەوتنی دووەمی ئێستای ریزبەندی پرێمەرلیگە لەگەڵ چوارەمی ریزبەندی خولی پرێمەرلیگ، بەڵام ئاوازی خوێندنی هەردوو یانە لە کۆتاییەکانی وەرزەکەدا، بەدوو ئاراستەی تەواو جیاوازە.
 
ئارسیناڵ لە ململانێیەکی تووندی تاقەتپڕووکێندایە لەگەڵ مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی خولەکە، لە کاتێکدا ئاستۆن ڤێلا کە یانزە خاڵ لە ئارسیناڵەوە دوورە، ئامانجی سەرەکی بەدەستهێنانی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووە.
 
یارییەکە بۆ ئارسیناڵ کە لە یاریگەی خۆیدا یارییدەکات، هەلی تۆڵەکردنەوەیە لەو شکستەی تیپەکە لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا تووشی بوو، چونکە لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، ئارسیناڵ گەشەی گەورەی لە توانا و لێهاتووییەکانی خۆیدا کردووە و بووەتە خاوەنی زۆرترین بردنەوە لە خولەکە، زۆرترین گۆڵ و بەهێزترین هێڵی بەرگریش.
 
ئەگەرچی پێشبینیکراوە بەهۆی قەرەباڵخیی خشتەی یارییەکانی تیپەکەیەوە، میکێل ئارتێتا هەندێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەیدا بکات، کە لە ناوەڕاستی هەفتەدا دەبێ لە ئالیانز ئارێنا هەوڵی بردنەوە لە بایرن میونشن و پەڕینەوە بۆ چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ بدات، بەڵام تیپەکە ناتوانێ هیچ کەمتەرخەمییەک لە ئەرکەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا بکات، چونکە لە دوا مەترەکانی پێشبڕکێ قورسەکەی پرێمەرلیگدا، لەدەستدانی هەر خاڵێک مانای چوونە دەرەوە لە پێشبڕکێی ململانێیە لەسەر نازناوەکە.
 
ئارسیناڵ خۆی لەبەردەم ئەو راستییە تاڵەدا دەبینێتەوە کە ئەمساڵ کەوتووەتە نێو رکابەرییەکی تووندترەوە لە وەرزی رابردوو لەپێناو بوونە پاڵەوانی پرێمەرلیگ و راستییە تاڵەکە بەشێکی دیکەشی تێدایە کە لیڤەرپوول و سیتی، ئەمڕۆژانە لە لووتکەی ئاستی خۆیاندان و پێناچێ وا بەئاسانی گۆڕەپانەکە بۆ ئارسیناڵ چۆڵ بکەن.
 
ئاستۆن ڤێلاش ئەمساڵ وەرزێکی نموونەیی بەڕێدەکات و ماوەیەکی زۆریش ئەو تیپە خۆی لە پلەکانی زۆر پێشەوەی زیربەندییەکە و ناوچەی ململانێ لەسەر نازناوی خولەکە دەبینی، بەڵام ئێستا کە ئاستۆن ڤێلا پێشانیداوە ناتوانێ رکابەربێت لەسەر نازناوەکە، بۆی گرنگە خەڵاتەکەی لە کۆتایی وەرزدا، بوون بێت لە نێو یەکێک لە چوار گەورەکەی کۆتایی وەرزی خولەکەدا.
 
ئامانجەکەی ئارسیناڵ گەیشتنە بەنازناوی پرێمەرلیگ و ئامانجەکەی ئاستۆن ڤێلاش گەیشتنە بەکورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو. تیپەکەی ئۆنای ئێمری لە ململانێدایە لەسەر ئەو خەونە لەگەڵ تۆتێنهام هۆتسپێردا کە هەردوولا هەریەکەیان 60 خاڵیان هەیە و کەوتنی تۆتێنهام لە دوایین یاریی خۆیدا بەرامبەر نیوکاسڵ، هانی ئاستۆن ڤێلا دەدات بۆ ئەوەی سەرسەختانەتر بەرامبەر ئارسیناڵ لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بجەنگێت.
 
ئارتێتا لەبارەی بارودۆخی هەستیاری تیپەکەیەوە دەڵێ، "تاکە شت کە دەکرێ بیکەین ئەوەیە کە دەبێ رۆژ لە دوای رۆژ و یاریی لە دوای یاریی لە کارکردن بەردەوام بین، ئەمە تاکە شتێکە کە دەتوانین بیکەین، چونکە تاکە شتیشە کە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی چاو و هۆشمان لەسەر ئەرکەکەمان بمێنێتەوە، ئەو ئەرکەی دەبێ ئەنجامی بدەین و تاکە شتیشە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆماندایە".
 
راهێنەری ئارسیناڵ، سەرنجی لەسەر تواناکانی ئاستۆن ڤێلایە لەگەڵ ئۆنای ئێمری راهێنەریدا، ئەو بەرۆژنامەڤانانی گوت، "تەماشای ئەوە بکەن کە ئاستۆن ڤێلا ئەنجامیداوە لەوکاتەوەی ئۆنای ئێمری هاتووەتە یانەکە، ئەو جێپەنجەی خۆی بەسەر تیپەکەوە بەجێهێشتووە، لە رووی ئاست و لەرووی سەقامگیریشەوە. ئەوەی تیپەکە تاوەکو ئێستا بەدەستیهێناوە، باوەڕپێنەکراوە، ئەوان هێشتا لە شوێنێکدان کە دەتوانن بۆ وەرزی داهاتوو بەهۆیەوە بگەنە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی، هاوشێوەی ئەوەی ئێستا هەیانە، دوا یاریی ئەوانم لە یۆرۆپالیگ بینی، سەرسامبووم بەوەی ئەنجامی دەدەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە