ئەنچێلۆتی باس لە مانچێستەر سیتی، جیاوازی ڤینی و هالاند و داهاتووی خۆی دەکات

14-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، باس لە یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی دەکات، کە ئەگەری هەیە لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ئەو یانەیە یاریی بکەن.
 
ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە چێڵسی بردووەتەوە و مانچێستەر ستییش لە بایرن میونشن، دەکرێت لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر یەکدی یاریی بکەن.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر یانەی کادیز لە لالیگادا لەبارەی مانچێستەر سیتییەوە گوتی "بەربژێربوونی ئەوان بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بێزارکەر نییە، چونکە تۆپی پێی ئینگلتەرا یانەی رکابەری زۆری تێدایە."
 
راهێنەری ریال مەدرید زیاتر دەڵێت "بەلامەوە سەیر نییە کە تیپێکی ئینگلیزی بەربژێربێت بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، هەرچەندە ساڵی رابردوو دوو تیپی ئیسپانی گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی، ئەمە جگە لەوەی لەم وەرزەدا 3 یانەی ئیتاڵی لە قۆناخی هەشتن."
 
کارلۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئینگلیزەکان پێیانوایە کە بەهێزترین خولیان هەیە، بەڵام خولەکانی دیکەش هەن کە دەتوانن بە پارەیەکی کەمترەوە رکابەری بکەن، نموونەی ئیسپانیا و ئیتاڵیا."
 
ئەنچێلۆتی دووپاتیدەکاتەوە کە کەس پێشبینی سەرکەوتنی ریال مەدریدی نەدەکرد بۆ قۆناخی هەشت، راستە ریال مەدرید و سیتی یاریی چوونیان بردووەتەوە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا هێشتا 90 خولەکی دیکە ماون.
 
لەبارەی ئەوەی ئایا ڤینیسیۆس بە هالاند دەگۆڕێتەوە؟ ئەنچێلۆتی گوتی "نەخێر، ئەمە چ پرسیارێکە، هەر یاریزانێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ریال مەدرید سوود لە ڤینیسیۆس وەردەگرێت و گواردیۆلاش لە هالاند.
 
پرسیاری داهاتووی راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەگەڵ ریال مەدرید کرا، ئەنچێلۆتی بە رۆژنامەڤانانی گوت "سەرۆک هەمیشە زۆرباشبووە لەگەڵم، ئێستاش هەروایە، دەبێت چاومان لە داهاتوو بێت، یانەکە زۆر ئارامە، سۆزێکی زۆرم پێدەدات، پێموایە وەرزی داهاتووش لێرە دەبم، بێگومان رێز لە گرێبەستەکەمان دەگرین."
 
رۆژی شەممە یانەی ریال مەدرید دوای دۆڕانی لە یاریی رابردووی لالیگادا بەرامبەر یانەی ڤیاریال، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کادیز یارییدەکات، کە ئێستا ریال مەدرید 13 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە