ئەگەری هەیە ئاتلێتیکۆ مەدرید سزابدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو دوای کۆتاییهاتنی یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید و مانچێستەر سیتی لە رێڕەوی گەڕانەوە بۆ ژووری جل گۆڕین، شەڕ و ئاژاوە روویدا و ئەگەری هەیە ئاتلێتیکۆ مەدرید سزابدرێت.
 
 رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت " سەرەتای دروستبوونی کێشەکە لە ڤرسالیکۆوە دەستیپێکرد، کاتێک لەگەڵ کایل واکەر بەریەککەوتن و وردە وردە بووە هۆکاری ئەوەی گرژییەکە گەورەتربێت، دوای ئەوەش ستیڤان ساڤیچ، بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید لەگەڵ جاک گرێلیش بەگژیەکدا دەچنەوە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئاڵۆزییەکی زۆر لە رێڕەوی گەڕانەوە بۆ ژوورەوە، لەنێوان یاریزانانی هەردوو یانەدا دروستببێت.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی، پۆلیس لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکات و بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاش داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە پرسەکە لەنێوان هەردوو یانەدا بووە و هاندەران تێیدا بەشدار نەبوون.
 
دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەڵێت " من ئاگاداری رووداوەکان نیم، لەنێو یاریگە مامەوە و چەپڵەم بۆ هاندەران لێدەدا، کە گەڕامەوە ژوورەوەش کەس لەوێ نەبوو."
 
لە یارییەکەشدا گرژییەک لەنێوان یاریزانانی هەردوولادا روویدا و بەو هۆیەوە فیلیپی بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
پێشتر یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەلایەن یوفاوە سزادرابوو و لە یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی 5 هەزار کورسیی یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ بە داخراوی مانەوە و ئەگەری هەیە جارێکی دیکەش یانەکە سزابدرێتەوە، بەتایبەتیش دەکرێت یاریزانەکانی بۆ چەند یارییەک رابگیرێن.