مەرجی سەرەکی ئینتەر بۆ دەستبەرداربوون لە لاوتارۆ مارتینێز

14-04-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لاوتارۆ مارتینێز
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتالی مەرجی سەرەکیی بۆ دەستبەرداربوون لە لاوتارۆ مارتینێز، یەکێک لە دیارترین ئامانجەکانی یانەی بارسێلۆنا لە گواستنەوەی هاوینەدا دیارییکرد.

یانەی بارسێلۆنا ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی لاوتارۆ بۆ ریزەکانی دەدات، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 111 ملیۆن یۆرۆیە، یانە ئیسپانییەکە نایەوێت بەو پارەیە یاریزانەکە بگوازێتەوە، لەکاتێکدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تووشی کێشەی دارایی بووە، جگە لەوەش یانەکە دەیەوێت پارە بۆ گواستنەوەی یاریزانانی دیکەش خەرجبکات، بەتایبەتیش کە یانەکە هەوڵی گەڕاندنەوەی نەیمار داسیلڤا دەدات.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی و لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتالی دەڵێن، ئینتەرمیلان دەیەوێت لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە لاوتارۆ مارتینێز، ئانتوان گریزمان لە بارسێلۆنا وەربگرێت و هەردوو یانە گۆڕینەوە بە یاریزانەکانیان بکەن.

بەپێی هەواڵەکە، ئینتەرمیلان دەیەوێت کارەکە بە هاوسەنگی بکرێت، بەتایبەت کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی لاوتارۆ 111 ملیۆن یۆرۆیە، ئانتوان گریزمانیش لە گواستنەوەی هاوینی رابردوو بە 120 ملیۆن یۆرۆ چووەتە بارسێلۆنا و نرخەکانیان لە یەکدییەوە نزیکە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندووە، یانەی ئینتەرمیلان دەیەوێت لە داهاتوودا ئەو بیرۆکەیە بخاتە بەردەم یانەی بارسێلۆنا، بەتایبەت کە یانەکە ئامادەنییە بە نرخێکی کەمتر لە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە دەستبەرداری هێرشبەرە 22 ساڵەکە ببێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە