فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو: دواخستنی خولی عێراق درێژ کرایەوە

رووداو-هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بڕیارییدا ماوەی دواخستنی یارییەکانی خولی تۆپی پێی عێراق بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە درێژبکاتەوە.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا فیدراسیۆنەکە دەڵێت، دوای کۆبوونەوەی فیدراسیۆنەکە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کە هەموو ئەندامانی دەستەی کاتی فیدراسیۆنەکە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکان کراوە و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی عێراق و ئەو رێنماییانەی لەلایەن فیفاوە لەبارەی یارییەکانەوە نێردراوە، بڕیاردرا کە ماوەی دواخستنی یارییەکان تاوەکو 30ـی ئەم مانگە درێژبکرێتەوە.

ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتی فیدراسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی وەرزشوانان و هاندەران، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی دواخستنی یارییەکانی خولەکەیان داوە، بۆ وەرگرتنی دوایین رێنماییەکانیش چاوەڕێی حکومەت دەکەن، ئەگەر هاتوو مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەما، ئەوکات ئێمەش خولەکە بەڕێوەدەبەین.



کۆچەر زیاتر گوتی، پێویستە بەپێی رێنمای و مەرجەکانی فیفا کاربکەین و چاوەڕێ دەکەین، بزانین فیدراسیۆنەکە چ بڕیارێکی دەبێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی خولەکانی جیهان.

خولی عێراق لەم وەرزەدا رووبەڕووی چەندین کێشەی جیاواز بووەتەوە، دوای دەستپێکردنی یارییەکانی خولەکە بەتەنیا چوار گەڕ، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە خولەکە بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ دواخرا، دوای ئەوە چارەنووسی خولەکە کەوتە ژێر مەترسی، بۆیە بڕیاردرا یارییەکانی بەبەشداری 15 یانە لە باشووری کوردستان بەڕێوەبچن، بەڵام ئەو هەنگاوە سەری نەگرت و دوای کەمبوونەوەی خۆپیشاندانەکان، جارێکی دیکە خولەکە دەستیپێکردەوە، بەڵام ئەمجارەش چەند یارییەکی کەمی لێ بەڕێوەچوو و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یارییەکانی خولەکە دواخران.

یانەی هەولێر، نوێنەری باشووری کوردستان لە خولەکەدا لەسەر مەشق و ئامادەکارییەکانی لە رێگەی ڤیدیۆ ئۆنلاینەوە بەردەوامە و یاریزانەکانی لە ماڵەوە مەشقەکانیان ئەنجامدەدەن، بۆ ئەوەی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی یارییەکان ئامادەبن.



پێشتر دکتۆر عەبدوڵلا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت، یانەکەیان بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکە خۆی ئامادەدەکات و لەگەڵ ئەوەن کە خولەکە تەواوبکرێت، چونکە پارەیەکی زۆریان لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجکردووە و چاویان لە بردنەوەی ئەنجامی باشە لە خولەکەدا.

شێوازی نوێی خولی عێراق تاوەکو ئێستا تەنیا 5 یاریی تێدا بەڕێوەچووە، یانەی نەفت بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی هەولێر 6 خاڵی هەیە و پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.