دایکی رۆناڵدۆ ناکۆکی نێوان خۆی و بووکەکەی یەکلاییکردەوە

14-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دایکی رۆناڵدۆ جۆرجینا رۆدریگز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماریا دۆلۆریس، دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، وێنەیەکی کوڕەکەی و خۆشەویستەکەی، جۆرجینا رۆدریگزی بڵاوکردەوە و کۆتایی بە هەموو ئەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لە بوونی ناکۆکی لە نێوان خۆی و بووکەکەیدا دەکەن.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، دایکی رۆناڵدۆ ئامادەی یاریگە بوو بۆ هاندانی تیپی کوڕەکەی بەرامبەر یانەی عەینی ئیماراتی، کە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە نەسڕ و رۆناڵدۆ ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
ئەو وێنەیەی دایکی رۆناڵدۆ بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوە دێت کە چەند مانگێکە میدیاکان باس لە بوونی ناکۆکییەکی گەورە لە نێوان دایکی کریس و جۆرجینیای بووکیدا دەکەن.
 
بەپێی سەرچاوەکان، دایکی رۆناڵدۆ دیارترین نەیاری بیرۆکەی ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیریی رۆناڵدۆ و جۆرجینایە، کە ئەمەی دوایی ماوەیەکی زۆرە بەدوایدا دەگەڕێت و هەموو هیوای ئەوەیە لەگەڵ رۆناڵدۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری سازبکات.
 
ماریا دۆلۆرێسی دایکی دۆن، کۆمێنتێکی لەسەر وێنەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ و خۆشەویستەکەی بە نیشانەی دڵی سوورەوە کردووە، کە دەکرێت ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بەو پڕوپاگەندانەی باس لە بوونی ناکۆکی نێوان ئەو دوو خانمە دەکەن.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەوە ناسراوە کە زۆر وابەستەی خێزانەکەیە، بەتایبەت دایکی کە هەمیشە لە هەموو بۆنە وەرزشییەکانیدا لەگەڵیدا دەردەکەوێت، چونکە کریس خۆی بە قەرزداری دەزانێت و چەندینجار گوتوویەتی "باوکم کە کۆچی دوایی کرد، ئێمە منداڵ بووین و دایکمان بۆ ئێمە بووەتە باوک و دایک و خۆی برسی و ماندوو کردووە بۆ ئەوەی ئێمە بەخێوبکات".
 
کریستیانۆ دایکەکەی هێندە خۆشدەوێت، ئەوکاتەی ئارینا شایکی نمایشکاری بەنێوبانگی رووسی، کە خۆشەویستەکەی بوو، کێشەی لەگەڵ دایکی دۆن هێنایەوە، کریس بەبێ دوودڵی دایکی هەڵبژارد و لە شایک جیابووەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە