پاریس سانجێرمان پلانێکی جەهەننەمی بۆ دزینی داهاتووی بارسێلۆنا داناوە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت گورزێکی کوشندە لە بارسێلۆنا بدات و داهاتووی ئەو یانەیە بدزێت، بۆ ئەوەش پلانێکی جەهەننەمی داناوە.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئاشکرایکردووە، یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی فەرەنسا، دوو یاریزانی گەنجی بارسێلۆنای کردووەتە ئامانج و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت لە چنگ بارسێلۆنا دەریانبهێنێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، یانەی پاریس سانجێرمان یەکێک لە راهێنەرەکانی ناردووە بۆ یاریگای مۆنتجویک بۆ بینینی یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ناپۆلی، کە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بوو، بەتایبەتی بۆ چاودێریکردنی دووانەی گەنجی بارسا، هەریەک لە لامین یامال و پاو کوبارسی.
 
کوبارسی بەرامبەر ناپۆلی درەوشایەوە و خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەدەستهێنا، لامین یامالیش لە هێڵی هێرشبردندا درێژە بە درەوشاوەیی خۆی دا.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان سەرسامە بە فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی، بەڵام ئەو یاریزانە ئێستا بەهیچ شێوەیەک بژاردەیەک نییە لە پلانی مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا، بەڵکو بەرپرسانی یانە پاریسییەکە دەیانەوێت دوو گەنجە درەوشاوەکەی بارسا ببەنە ریزەکانی یانەکەیان.
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، کە پاریس سانجێرمان دەیەوێت مێرکاتۆیەکی خەیاڵی ئەنجام بدات، بەتایبەتی کە رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ دۆخی دارایی یانەکە زۆر باش دەکات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بارسێلۆنا لە رووی داراییەوە لە قەیراندایە و دەکرێت پاریس سانجێرمان ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە گورزێکی کوشندە لە بارسێلۆنا بدات، وەک ئەوەی لە هاوینی 2017 مەرجی سزایی نەیماری دا و بە 222 ملیۆن یۆرۆ بردییە ریزەکانی، بۆیە پێشبینی دەکرێت پاریس سانجێرمان ئەمجارەش پلان بۆ بردنی بەشێک لە یاریزانانی بلاوگرانا دابنێت.