زاخۆ براوەیە

14-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سامان وڵاتژێری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوێکمان بینی تێیدا جارێکی دیکە جوانی، هاندان، خۆشەویستی و عەشقی تۆپی پێ دووبارەکرایەوە، شەوێکمان بینی تێیدا ئەوە کرا، کە پێشتر هەرگیز لەم جۆگرافییە پڕ لە ئاڵنگاری و رکابەرییەدا نەکراوە، شەوێکمان بینی زاخۆ تێیدا مێژووی نووسییەوە و بە هەمووانی گوت "ئەوە من لە دوورترین بەشی باکووری عێراقەوە تاوەکو فاو لە هاندان و پاڵپشتیکردندا یەکەمم و کەس نییە شان لە شانم بدات."
 
ئەوەی لە زاخۆ کرا بۆ هاندەرە دڵگەرم و عاشقەکانی زاخۆ چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام گرنگتر و گرنگتر بوو کاتێک لەبەردەم سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەو کارەیان کرد و مێژوویەکی لەبیرنەکراویان تۆمارکرد.
 
زاخۆ بەوەی کردی عەدنان درجالی ناچارکرد، بە رووداو بڵێت "من پێشتر ئەم دیمەنانەم تەنیا لە تەلەڤزیۆنەوە بینیبوو و ئەمجارەش بە چاوی سەر بە راستەوخۆ لەگەڵیدا ژیام و دڵخۆشیکردم."
 
هێشتا چوار کاژێر مابوو کاتێک هەزاران هاندەری زاخۆ بە رەنگی سوور و سپییەوە، بە زمانی بەرۆژووەوە رێگەی یاریگەیان گرتەبەر، هێشتا دوو کاژێر بۆ یاری مابوو، کاتێک یاریگەی زاخۆ پڕ بوو لە هاندەر، کاتێک یاری دەستیپێکرد هەزاران هاندەر لە دەرەوەی یاریگەدا مانەوە و دەیان هاندەریش بەناچاری رێگەی ماڵەوەیان گرتبەر، ئاخر بێژنە من، ئەمە لە زاخۆ نەبێت لە کوێی دیکەی عێراق دەکرێت؟، لەکاتێکدا نە یاریی کۆتاییان هەیە و نە بردنەوە ئەوان دەگەیێنێتە نازناو، تەنیا ئەوەیە کە یارییەکی گرنگی جامە.
 
هەنگاوەکانی پێشکەوتنی زاخۆ لە رووی وەرزشەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خێرابوون و چاوەڕواندەکرێت خێراتریش ببن، ئەوەی لە زاخۆ کرا ئەمجارە سنوورەکانی کوردستان و عێراقی بەزاند و گەیشتە کیشوەری ئاسیا، ئەوەی لە زاخۆ کرا ئێستا لە سۆشیاڵ میدیادا کاردانەوەی گەورەی دروستکردووە و هێندەی باسی جوانییەکانی دەکرێت باسی ئەنجام و دۆڕانەکەی ناکرێت.
 
بەم هاندانە لەبیرنەکراوەکەی کوڕانی خابوور، دەنگی زوڵاڵی زاخۆ، بەدڵنیاییەوە زاخۆ هەنگاوی زیاتر دەچێتە پێشەوە، لەپشت پەردەوە کاری گەورە بەڕێگەوەن کە ناکرێت لێرە باسی بکەم، بەڵام بەدڵنیاییەوە داهاتووی تۆپی پێی عێراق بۆ زاخۆیە و یانەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە یەکێک لە باشترین و دیارترین یانەکان لەسەر ئاستی عێراق.
 
زاخۆ بە ئەنجامی یاری دۆڕا و ماڵئاواییکرد، بەڵام دڵی هەمووانی بۆ خۆی راکێشا و دیمەنێکی مێژوویی، ئەفسوناوی، لەبیرنەکراوی لە هانداندا پێشانی هەموواندا، بۆیە زاخۆ نەدۆڕاوە، زاخۆ و زاخۆییەکان براوەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە