ئێمباپێ لەگەڵ خاوەن چێشتخانەیەک شەڕیەتی


رووداو دیجیتاڵ

خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکانی فەرەنسا، لەلایەن پارێزەری کیلیان ئێمباپێوە هەڕەشەی سکاڵا لێکردنی لێکراوە، بەهۆی بەکارهێنانی ناوی ئەو ئەستێرەیە، بۆ پڕوپاگەندەکردن بۆ بەرهەمەکانی.
 
میدیای فەرەنسا دەڵێن، دۆخەکە بە 'شەڕی نێوان کیلیان و خاوەن چێشتخانەیەک' ناونراوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، محەممەد هەنی، خاوەنی یەکێک لە چێشتخانە تایبەتمەندەکانی فرۆشتنی کەباب، کە هاوکات هاندەری یانەی مارسیلیاشە، لەلایەن دلڤین فێرهایدنی پارێزەری کیلیان ئێمباپێوە، نامەی هۆشداری و ئاگادارکردنەوەی بۆ نێردراوە و هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگای لێکراوە، بەهۆی دروستکردنی خواردنێکی تایبەت بەناوی کیلیان ئێمباپێوە.
 
پارێزەرەکەی کیلیان، هەمان بابەتی لە سۆشیال میدیادا وروژاندووە و لە پۆستێکدا دەڵێ، بەڕێز هەنی ناوی کیلیان ئێمباپێی بۆ بابەتی بازرگانی و بازاڕگەری بەکارهێناوە، بەبێئەوەی رەزامەندی پێشتری کیلیان یان ستافەکەی وەربگرێت.
 
چێشتخانەکە لە یەکێک لە ژەمە خۆراکییەکانیدا کە رەواج و داخوازییەکی باشی هەیە، ژەمەکەی بەناوی کیلیان ئێمباپێوە کردووە و باسی سەری ئەویکردووە.
 
پارێزەرەکەی کیلیان گلەیی تەنیا لەوە هەیە کە پێشتر رەزامەندی ئەو یاریزانە بۆ بەکارهێنانی ناوی بۆ کارێکی بازرگانی وەرنەگیراوە و ئەوەش پێشێلکردنی مافی یاریزانەکەیە.
 
پارێزەرەکەی کیلیان ماوەی یەک هەفتە هەلی داوەتە چێشتخانەکە بۆ ئەوەی ناوی ژەمەکەی بگۆڕێت و چیدی بەکارینەهێنێت، خۆ ئەگەر ئەوە نەکات، لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت.
 
کیلیان ئێمباپێ دوایین وەرزی خۆی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەسەردەبات و پێشبینیکراوە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بکات.
 
خاوەنی چێشتخانەکە، بێدەنگیی هەڵنەبژاردووە و لە پەیامێکدا دەڵێ، "پێموانەبوو یاریزانێک بەو هەموو ناوبانگ و ئاستەوە بەو شێوەیە عەقڵی لەدەست بدات و کاتی ئەوەی هەبێت هێرشبکاتە سەر من لەپێناو ساندویچێک یان ژەمەخواردنێکدا، هەموو ئەوەی من کردوومە ئەوەیە کە ژەمێکی چێشتخانەکەم ناوناوە ئێمباپێ، هاوشێوەی ئەوەی کە پێشتر لەگەڵ چەندین یاریزانی دیکەدا کردوومە".
 
ژەمە خۆراکەکە بەفەرمی ناونراوە، "نانێکی گەرم و خڕ، هاوشێوەی سەرەخڕەکەی کیلیان ئێمباپێ".
 
هەنی هەروەها دەڵێ، "هەرگیز گاڵتەم بەئێمباپێ نەکردووە، من پێشتر ژەمەخۆراکێکم ناونابوو دیمیتری پایێت (یاریزانی ئێستای فاسکۆ دێگامای بەرازیلی و براوەی مۆندیالی 2018 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا".
 
خاوەن چێشتخانەکە زیاتر دەڵی، "پایێت هیچ گلەیی لێنەکرد، چونکە ئەو هەندێک بەهای هەیە کە ئێمباپێ نییەتی".
 
بەپێی یاسا پەیڕەوکراوەکانی ئەوروپا، بەکارهێنانی ناوی کەسانی بەناوبانگ لەلایەن هەر پڕۆژەیەکی بازرگانییەوە، پێویستی بەڕەزامەنی کەسە بەناوبانگەکە هەیە و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی، بەکارهێنەری ناوەکە رووبەڕووی لیپێچینەوە و سزای دارایی دەبێتەوە.