ڤیدیۆ؛ تاتا باسی پێکانەکەی مێسی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، باسی پێکانەکەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەکەی دەکات و دەڵێت "بڕوا ناکەم لیۆ بەشداری لە یاریی شەممەدا بکات". هەروەها دەشڵێت "چاودێری دەکەین، با بزانین چی روودەدات".
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزدەی جامی پاڵەوانەکانی کۆنکاکافدا، ئینتەرمەیامی میوانداری ناشڤیڵی کرد و 3-1 لێیبردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشت، کە یاریی چوون بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 2-2 کۆتاییهاتبوو.
 
مێسی لەو یارییەدا کە لە نیوەی یەکەمدا گۆڵێک و ئاسیستێکی کرد، لە نیوەی دووەمدا نەیتوانی یارییەکە تەواوبکات و دوای چوار خولەک لە دەستپێکردنی گێمی دووەم، هەستی بە ئازار کرد لە قاچی راستی و گۆڕانکاری پێکرا.
 
تاتا مارتینۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، باسی دۆخی مێسی کرد و گوتی "مێسی هەستی بە گرژبوونی ماسوولکەکانی پشتی قاچی راستی کرد، بۆیە نەماندەویست سەرکێشی پێوە بکەین، هەوڵماندا بزانین کەمێک زیاتر دەتوانێت بەرگە بگرێت، بەڵام بێزاری دەکرد، بۆیە پێمان باشبوو گۆڕانکاری پێبکەین".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا، سەبارەت بەوەی کە لیۆنێل مێسی لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر دی سی یونایتد لە خولی ئەمریکیدا، بەشداری دەکات؟ تاتا گوتی "نامەوێت لە ئێستاوە یەکلایی بکەمەوە، بەڵام پێموایە کە بۆ یارییەکەی شەممە بەرامبەر دی سی یونایتد ئامادە نابێت". 
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە زیاتر گوتی "تەنیا شتێک کە دەتوانم بیڵێم لەڕووی ئەوەی لە داهاتوودا چی دەبێت، ئەوەیە کە بێگومان هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی دەکەین بۆ ئەوەی دۆخەکەی روونتر بێت و با بزانین چی روودەدات".