ڤیدیۆ؛ مێسی و سوارێز ئینتەرمەیامیان گەیاندە قۆناخی 8ـی جامی پاڵەوانان

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز، سەرکردایەتیی یانەی ئینتەرمەیامیان کرد بۆ بردنەوە لە یانەی ناشڤیڵ و گەیشتن بە قۆناخی هەشتی جامی پاڵەوانان.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی ئینتەرمەیامی میوانداریی ناشڤیڵی کرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێبردەوە، لەکاتێکدا یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهاتبوو.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکە ئینتەرمەیامی هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد، لە خولەکی 7 لویس سوارێز، بە ئاسیستی مێسی گۆڵی یەکەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 22 مێسی بۆ جاری دووەم تۆڕی ناشڤیڵی هەژاند، گۆڵەکەی ئەو بە ئاسیستی سوارێز بوو.
 
هێرشەکانی ئینتەرمەیامی بۆ سەر گۆڵی ناشڤیڵ بەردەوامبوون، بەڵام گۆڵی دیکەیان لە نیوەی یەکەمدا پێنەکرا.
 
لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا مەترسیدارترین هێرشی یانەی ناشڤیڵ بینرا کاتێک تۆپێکیان لە ستوونی گۆڵی مەیامیدا.
 
لە نیوەی دووەمدا، یانەی میوان هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئەنجامەکە چڕکردەوە، ئینتەرمەیامیش دەیویست گۆڵی زیاتر بکات.
 
لە خولەکی 63 رۆبێرت تایلۆر بە ئاسیستی سوارێز بەلێدانی سەر گۆڵی سێیەمی بۆ یانە پەمەییەکە تۆمارکرد و ئینتەرمەیامیی بە تەواوی لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 80 ناشڤیڵ گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گەڕایەوە بۆ ڤار و گۆڵەکە رەتکرایەوە.
 
لە دوایین خولەکی یارییەکەدا سام سوریج گۆڵێکی بۆ ناشڤیڵ تۆمارکرد، یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی ئینتەرمەیامی تەواو بوو.
 
یانەکە بە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە 5-3 خۆی گەیاندە قۆناخی 8ـی جامی پاڵەوانان.