بەهۆی رۆناڵدۆوە نەسڕ ریکۆردی تۆمارکرد و پێش یانە گەورەکانی جیهان کەوت

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی نەسڕی سعودی و یارییکردن لە خولی وڵاتەکەدا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و یانەی نەسڕیشی کردە یانەیەکی جیهانی.
 
ماڵپەری "Football Benchmark" کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی داتای یانەکان زانیاریی تایبەت بە کاردانەوە و کاریگەریی یانەکانی جیهانی بڵاوکردەوە، یانەی نەسڕی سعودی بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە بازی گەورەی هاوێشتووە و پێش یانە گەورەکانی ئەوروپا کەوتووە.
 
بەپێی ماڵپەرەکە یانە سعودییەکە لە ماوەی 1-1 تاوەکو 28-2-2023 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە فەیسبووک، توویتەر، تیک تۆک، ئینستاگرام، یوتیۆب و وێبۆوە زۆرترین کاردانەوەی هەبووە و پێش هەردوو یانەی ریال مەدرید و هەموو یانە گەورەکانی ئەوروپا کەوتووە.
 
30-12-2022 بوو کاتێک یانەی نەسڕ گواستنەوەی رۆناڵدۆ بۆ یانەکەی راگەیاند، هەر زوو ئەو گرێبەستە بە جیهاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات.
 
ماڵپەرەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یانە سعودییەکە لەو ماوەیەدا 9.666.756 بینەری نوێی زیادکردووە، کە ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی یانەکەدا روودەدات.
 
دوای ئەویش یانەی ریال مەدرید دێت کە 8.835.600 بینەری نوێی هەبووە، لە کاتێکدا بەپێی راپۆرتی مانگی یەکی ساڵی رابردوو ریال مەدرید پێشەنگی جیهان بوو بە 242 ملیۆن بینەر.
 
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پلەی سێیەمی ریزبەندەکەی گرتووە و 8.748.335 بینەری لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەبووە.
 
هەرچی یانەی بارسێلۆنایە سەرەڕای ئەوەی کێشەی دارایی هەیە و لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا کراوەتە دەرەوە، بەڵام هێشتا لە لیستەکەدا ناوی هەیە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندە بە 7.569.430 ملیۆن بینەر.
 
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی پلەی پێنجەمی گرتووە، لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2023ـدا یانەکە، 5.544.198 ملیۆن بینەری لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەبووە.
 
تۆتێنهام، یوڤێنتوس، بایرن میونشن، مانچێستەر یونایتد و چێڵسیش پلەکانی شەشەم تاوەکو دەیەمی ریزبەندەکەیان گرتووە.