بەهۆی رۆناڵدۆوە، مێسی داوای 600 ملیۆن یۆرۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دانوستاندنی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی هیلالی سعودی کردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
گرێبەستی مێسی لەگەڵ سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ کۆتایی دێت، ئەگەرچی بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە، بۆی هەیە ساڵێکی دیکەش گرێبەستەکە نوێبکاتەوە بەمەرجی رەزامەندی هەردوولا.
 
میدیای ئیسپانی ئاشکرایانکردووە، یانەی هیلالی سعودی دانوستاندنی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی دەستپێکردووە و یانە سعودییەکە لە کانوونی دووەمی رابردوودا دەستەوارەیەکی خستووەتە بەردەستی مێسی بەرامبەر بە 300 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، مێسی دەستەوارەکەی وەرگرتووە و داوایکردووە ماوەیەکی پێبدەن بۆ بیرکردنەوە و بڕیاردان، دواتر لەسەرەتای ئەم مانگەدا، لە رێگەی باوکییەوە وەڵامی بەرپرسانی هیلالی داوەتەوە و گوتوویەتی کە بۆ رازیبوون بە گرێبەستەکە دەبێ مووچەکەی لەو مووچەیە زیاتر بێت کە یانەی نەسڕ دەیداتە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پێیوایە جیاوازیی 100 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ رۆناڵدۆدا بەس نییە بۆ چوونە خولی سعودیە.
 
بەپێی سەرچاوە سعودییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی، ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
 
میدیای ئیسپانی دەڵێن، مەرجەکەی مێسی ئەوەیە کە دەبێ یانەی هیلال ساڵانە 600 ملیۆن یۆرۆی بداتێ، بەڵام بەرپرسانی یانە سعودییەکە داواکارییەکەی مێسییان بە خەیاڵیی ناوبردووە و لە بەرامبەردا دەستەوارەکەی خۆیان بۆ 350 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە بەرزکردووەتەوە.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکان گوتوویانە، دانوستاندنی نێوان مێسی و هیلال کۆتایی نەهاتووە و هەردوولا نزیکن لەوەی لە کۆتاییدا بە پارەیەک لە نێوان هەردوولادا رازی بن کە دەکرێ لە نێوان 350 تاوەکو 400 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەدا بێت.