ڤیدیۆ؛ پۆرتۆ دەیەوێت لەنێو دراگاودا ئینتەرمیلان دەربکات

رووداو دیجیتاڵ

نە ئەنجامی یاری چوون لە بەرامبەر پۆرتۆ و نە یارییەکانی یانەکە لە سێریا ئەیدا، موژدەی گەشبینی بە ئینتەرمیلان نادەن کاتێک خۆی لە نێو یاریگەی دراگاودا دەبینێتەوە بۆ ئەنجامدانی یاریی گەڕانەوە بەرامبەر پۆرتۆ، لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
ئینتەرمیلان لە یاری یەکەمدا لە نێو جۆسیپی میاتزا، سەرکەوتنێکی بەزەحمەتی لە دوا خولەکدا بەدەستهێنا و بە گۆڵێکی رۆمیلۆ لۆکاکۆ لە خولەکی 86 یارییەکەی بردەوە.. ئەم ئەنجامە هەموو ئەگەرێک لەبەردەم هەردوو یانەدا بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە دەهێڵێتەوە.
 
ئینتەرمیلان لە یاری گەڕانەوەدا دەچێتە یاریگەیەکی قورسەوە، یاریگەیەک کە خافیێر زانێتی، جێگری سەرۆکی ئینتەرمیلان بە زۆر گەرم ناویبردووە و بۆ یارییەکەش گوتوویەتی، دەبێ لە لووتکەی فۆکەس و سووربوونی خۆماندا بین، چونکە پۆرتۆ دەتوانێ بمانخاتە ناو کێشەی گەورەوە.
 
ئینتەرمیلان، ئەمڕۆژانە لە باشترین دۆخ و کاتەکانی خۆیدا ناژی.. یانەکە لە سێریا ئەیدا، هیچ ئومێدێکی بە نازناوی خولەکە نەماوە و تەنانەت سەرکەوتنیشی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر نییە.. لە دوای بردنەوەکەشییەوە لە پۆرتۆ لە یاریی چووندا، یانەکە لە سێ یاری نێوخۆی ئیتاڵیادا، دووجار شکستی هێناوە، چوار رۆژ لەمەوبەر، بەرامبەر سپیزیا دۆڕا و ئەوە شکستی رکابەرەکانی بوو کە نەیهێشت بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە داببەزێت.
 
پۆرتۆ لای خۆیەوە، بەهۆی دەرچوون و هەنگاوە خێراکانی بێنفیکاوە بەرەو نازناوی خولی پۆرتوگال، هێشتنەوەی نازناوەکەی وەرزی رابردووی لە مەترسیدایە، بەڵام هێندەی ئینتەرمیلان لە نازناوە نێوخۆییەکە بێئومێد نییە و هەلێکی کراوەشی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بەسەر پشتی ئینتەرمیلاندا خۆی بگەیەنێتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
پۆرتۆ جیا لەو هەلە کراوەیەی بەردەمی، دەتوانێ سوود لە هەڵەیەک بکات کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئینتەرمیلان تێیکەوتووە کە بریتییە لە یاریکردن بە سەمیر هاندانۆڤیچی گۆڵپارێز لە جیاتی ئاندرێ ئۆنانا، کە ئەوی یەکەمیان ئاستێکی خراپ و ئەوی دووەمیشیان ئاستێکی زۆر باشتر پێشکێشدەکات، بەڵام ئینزاگی سوورە لەسەرئەوەی هاندانۆڤیچ لە یارییەکاندا بەشداریی پێبکات.
 
گەرچی لە یاریی چووندا ئۆنانا گۆڵپارێزی ئینتەرمیلان بوو، بەڵام لە دوا یاریی ئینتەردا لە سێریا ئەی بەرامبەر سپیزیا، هاندانۆڤیچ بەرگری لە گۆڵەکەی ئینتەر کرد و یانەکەش بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕا.. هەمووان کۆکن لەسەرئەوەی یاریکردن بە هاندانۆڤیچ بەرامبەر پۆرتۆ، رێگەی سەرکەوتن بۆ یانە پۆرتووگالییەکە ئاسان و ئاسانتر دەکات.