رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ئەرکی بەڕێوەبردنی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگی لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دایە ناوبژیوانێکی ئەڵمانی کە پێشتر لە گەندەڵی تێوەگلاوە.
ناوبژیوانەکە فێلیکس زوایەرە و ئەڵمانییە، تەمەنی 42 ساڵە و لە دایکبووی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانییە، لە ساڵی 2012 لەلایەن فیفاوە وەک ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی بڕوانامەی پێدراوە، رۆژی چوارشەممە یاریی نێوان هەردوو یانە ئیسپانی و ئینگلیزییەکە بەڕێوەدەبات و مارکۆ فرێتزی هاونیشتمانیشی ناوبژیوانی ڤار دەبێت.
یارییەکەی ئەمجارەی ریال مەدرید دووەم یاریی ناوبژیوانە ئەڵمانییەکە دەبێت کە ناوبژیوانەکە بەڕێوەی دەبات، پێشتر لە وەرزی 2019-2020 یاریی نێوان هەردووی یانەی ریال مەدرید و گاڵاتەسەرای لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەڕێوەبردووە کە ریال مەدرید 6-0 یارییەکەی بردەوە.
زوایەر دوو جار یاریی لیڤەرپوولی بەڕێوەبردووە، یەکێکیان بەرامبەر پۆرتۆ لە قۆناخی شازدەی وەرزی 2017-2018 کە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و ئەوەی دیکەشیان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بووە لە وەرزی 2021-2022 هەر بەرامبەر ئەو یانەیە، کە لەو یارییەدا لیڤەرپوول 2-0 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
ئابڕووچوونەکەی فێلیکس زوایەر چییە؟
ناوبژیوانە ئەڵمانییەکە پێشتر تێوەگلاوە و لە ساڵی 2005 بەهۆی ئابرووچوونێکی یارییکردن بە ئەنجامی یارییەکانەوە ماوەی 6 مانگ راگیرا، کە ئەو کاتە لەگەڵ رۆبێرت هویزەر، ناوبژیوانی پێشوو کارەکەیان کردبوو.
زوایەر بەرتیلدانی ناوبژیوانە سەرەکییەکەی شاردەوە و لەگەڵیدا بەشداریی لەو ئابڕووچوونەدا کرد کە 300 یۆرۆی وەک بەرتیل وەرگرتبوو، بۆ یارییکردن بە ئەنجامی یاریی نێوان هەردوو یانەی ڤوپێرتال و ڤێردێر برێمەن.
دوای ئەوە هویزەر بڕوانامەی ناوبژیوانیی لێ وەرگیرا، بۆ هەتا هەتایە لە یاریگەکان دوورخرایەوە و دوو ساڵ و پێنج مانگیش سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکرا و زوایەریش 6 مانگ لە کارکردن وەک ناوبژیوان راگیرا.
بێلینگهام بەهۆی زوایەرەوە سزادرا
دوای کۆتاییهاتنی سزایەکەی جارێکی دیکە زوایەر گەڕایەوە سەر کارەکەی و یارییەکانی بەڕێوەبردەوە، دوای 16 ساڵ لەو رووداوانە و لە ساڵی 2021، لە یاریی نێوان هەردوو یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و بایرن میونشن لە خولی ئەڵمانیادا رووداوێکی دیکە لەگەڵ ئەو ناوبژیوانە روویدا.
لەو یارییەدا زوایەر لێدانێکی سزای بۆ بایرن میونشن هەژمارکرد و بایرن یارییەکەی بە 3-2 لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بردەوە.
دوای یارییەکە جود بێلینگهام قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ناوبژیوانێک پێشتر لە ئابڕووچوونی ئەنجامەکان تێوەگلابێت و گەورەترین یاریی ئەڵمانیا بەڕێوەببات دەبێت چاوەڕێی چی لێ بکەین."
دوای ئەم قسانە یاریزانە ئینگلیزییەکەی بۆرووسیا دۆرتموند بەرامبەر 40 هەزار یۆرۆ لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە سزادرا.
رۆژی چوارشەممە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، یاریی چوون بە 5-2 لە بەرژەوەندی یانە ئیسپانییەکە کۆتاییهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ