ناوبژیوانی یارییەکەی ریال و لیڤەرپوول پێشتر بە گەندەڵیی تۆمەتبارکراوە

14-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فیلێکس زویر بنزیما، ریال مەدرید، هەڵبژاردەی فەرەنسا لیڤەرپوول، هاندەر، سزا ریال مەدرید، چامپیۆنزلیگ، مۆندیالی یانەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، بەدانانی ناوبژیوانێکی تۆمەتبارکراو بە گەندەڵی، بۆ بەڕێوەبردنی یاری نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول، مشتومڕی ناوەتەوە.
 
ریال مەدرید سبەی شەو، لە سانتیاگۆ بێرنابێۆ، لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ میوانداری لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەکات. یاری چوون بەسەرکەوتنی ریال مەدرید 5 - 2 کۆتایی هات.
 
یۆفا بڕیاریداوە فیلێکس زویر، ناوبژیوانی سەرەکیی یارییەکە بێت و مارکۆ فرێتزی هاونیشتمانیشی، بەرپرسیارێتی ناوبژیوانی ڤار لە ئەستۆ دەگرێت.
 
فیلێکس، ناوبژیوانێکی ئەڵمانییە لە دایکبوونی 19ی مایۆی 1981ی بەرلینە، ساڵی 2012 بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەلایەن فیفاوە پێدراوە.
 
یارییەکەی سبەی شەو، دەبێتە دووەم یاریی ریال مەدرید ئەو ناوبژیوانە بەڕێوەی ببات. یەکەم یاری ریال مەدرید کە فیلێکس تێیدا ناوبژیوان بوو، رووبەڕووبوونەوەی نێوان ریال مەدرید و گاڵاتاسەرای تورکی بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی 2020 و یارییەکە بەبردنەوەی ریال مەدرید بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
 
لە بەرامبەردا، فیلێکس، پێشتر دوو یاری لیڤەرپوولی لە چامپیۆنزلیگ بەڕێوەبردووە، لە نێویاندا یاری بەرامبەر پۆرتۆی پۆرتوگالی لە قۆناخی شانزەی وەرزی 2017 - 2018 کە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. یاریی دووەمیش لە قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی رابردوو بەرامبەر هەمان یانەی پۆرتوگالی کە رێدز بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
 
تۆمەتبارکردن و گەندەڵییەکەی فیلێکس بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەو ناوبژیوانە بە تێوەگلان لە سکانداڵی دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان تۆمەتبارکرا بەوەی هاوکاریی رۆبێرت هۆیزەری ناوبژیوانی پێشووی تۆمەتبار بەهەمان دۆسێی کردووە.
 
بەپێی بڕیاری تۆمەتبارکردنەکە، فیلێکس چاوپۆشی لە بەرتیلدان بە ناوبژیوانی سەرەکی کردووە کە هۆیزەر بووە و لە بەرامبەردا 300 یۆرۆی وەرگرتووە لەپێناو لایەنگیریکردنی تیپی ڤوبێرتاڵ لە یاری ئەو یانەیەدا بەرامبەر ڤێردەربرێمەن.
 
ئەوکات بەهۆی ئەو سکانداڵەوە، هۆیزەر بە بەندکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ و پێنج مانگ سزادرا، کارکردن لە تۆپی پێی ئەڵمانیای لێ قەدەخەکرا بەشێوەی هەتا هەتایی، چونکە تاوانی فرۆشتنی یاریی ئەنجامدابوو.
 
ئەو رووداوە هەروا بە ئاسانی تێنەپەڕی.. پاش تەواوبوونی سزاکەی، فیلێکس گەڕایەوە سەر کارەکەی. دوای شانزە ساڵ لە رووداوی یەکەم، ئەو ئەرکی ناوبژیوانێتی یاری نێوان بۆرووسیا دۆرتمۆند و بایرن میونشنی لە خولی بۆندێسلیگادا پێسپێردرا لە کانوونی یەکەمی 2021.
 
یارییەکە بە سەرکەوتنی بایرن میونشن 3 - 2 گۆڵ کۆتایی هات. پاشئەوەی لێدانێکی سزای گوماناوی لەلایەن ئەو ناوبژیوانەوە بۆ میونشن ئەژمار کرا. بێلینگهام دوای یارییەکە گوتی، "بەهێزترین یاریی خولی ئەڵمانیایان داوەتە دەست ناوبژیوانێک کە پێشتر سکانداڵی فرۆشتنی یارییەکانی لەسەر ساخبووەتەوە، ئەمە گەورەترین یارییە، چاوەڕێ بین چی رووبدات؟".
 
بەهۆی ئەو لێدوانەی ئەوکاتەوە، بێلینگهام لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە بە پێبژاردنی بڕی 40 هەزار یۆرۆ، سزا درا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە