پیکێ بەباشی باسی ریال مەدرید دەکات

14-03-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیرارد پیکێی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیرارد پیکێ، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی تێوەگلانی یانەی کەتەلۆنی لە پێدانی بەرتیل بە خۆسێ ماریا نێگرێرا، جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی هونەری ناوبژیوانانی لالیگا، قسەی کرد. جەختی لەوەش کردەوە کە ریال مەدرید تاکە یانە بووە نەیویستووە دژی بارسا بێت، بەڵام لەژێر گوشاری هاندەرانیدا هەڵوێستی وەرگرتووە.
 
پیکێ، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەکانی ئیسپانیا بە بایەخەوە بڵاویانکردووەتەوە، گوتی "هەمووان جگە لە ریال مەدرید روویان لە بارسێلۆنا کرد و پشتی دەستەی لالیگایان گرت، تێدەگەم کە ریال مەدرید بەهۆی گوشاری هاندەرانەوە خۆی بەدەستەوەدا و هەڵوێستی خۆی راگەیاند".
 
بەرپرسانی پێشووی بارسێلۆنا، پێشتر بانگەوازیان بۆ ئەوە کردووە کە نێگرێرا خزمەتگوزاری راوێژکاری پێشکێش بە بارسا کردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوبژیوانان و ناسینی ناوبژیوانان بدەن.
 
پیکێ زیاتر گوتی "متمانەم بە بارسێلۆنا هەیە، لە ماوەی یاریکردنم لە بارسا هیچم لەبارەی ئەو بابەتە نەدەزانی، زیاتر پەیوەندی بە راهێنەر و ستافی راهێنەرایەتییەوە هەیە".
 
کاپتنی پێشووی بارسێلۆنا، ئاماژەی بەوەشکرد "یاریزانەکان ناوبژیوانەکان دەناسن، بەڵام لەوانەیە راهێنەرەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە بێن و پێویستیان بە یارمەتی هەبێت بۆ ئەوەی ناوبژیوانەکان بناسن، نازانم کاری کۆمپانیای نێگرێرا هاوکاریکردنە یان نا، ئێمە لە دەرەوەی کۆی بابەتەکە بووین، ئێمە هیچ زانیارییەکمان نییە، من نێگرێرام هەر نەبینیوە".
 
پیکێ، جەختی لەوەش کردەوە "پێموانییە بارسێلۆنا ناوبژیوانەکانی کڕیبێت، ئەوان بەم شێوەیە دەستیان دەخەنە ناو ئاگرەکەوە".
 
بارگریکارەکەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا، لە کۆتاییدا گوتیشی "ئەگەر بتویستایە ناوبژیوانەکان بکڕیت بەشێوەیەکی نایاسایی پارەت پێدەدا. شتەکان سادەترن لەوەی بچیتە لای جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان و مووچەی پێشکەش بکەیت. ئەم تۆمەتانە بێ مانان. بەڵام ئێمە لەسەر ئەو هەڵمەت و پیلانگێڕیاینە راهاتووین کە دژی ئێمە دەکرێن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە