رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئامادەیە دەستبەرداری یەکێک لە ئەستێرەکانی ببێت، ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی پێشکێشبکرێت.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "کارگێریی یانەی بارسێلۆنا ئامادەیە بیر لە فرۆشتنی فرێنکی دییۆنگ بکاتەوە، ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو و باشی لە ماوەی گواستنەوەکانی داهاتوودا پێشکێشبکرێت."
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، کارگێڕیی بارسێلۆنا دەیەوێت بڕیارێکی روون لە دییۆنگ وەربگرێت، لەکاتێکدا هاوینی 2024 باشترین وادەیە بۆ فرۆشتنی یاریزانەکە، ئەگەر هەردوولا بڕیاری جیابوونەوە بدەن."
سەرچاوەکە دەڵێت "بارسێلۆنا چەند بژاردەیەکی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دییۆنگ، یەکەمیان نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەیە بەهەمان ئەو گرنگییەی ئێستا لە یانەکەدا هەیەتی. دووەم ئەوەیە کە ئەگەر یاریزانەکە دەیەوێت بڕوات دەبێت بەڕوونی بڕیاری خۆی بە کارگێڕیی یانەکە بگەیێنێت."
بارسێلۆنا لەوە تێدەگات کە ئێستا دییۆنگ گرانترین یاریزانی تیپەکەیە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی بەبێ نوێکردنەوە تاوەکو هاوینی 2025 بەردەوامدەبێت، بۆیە پەلە دەکات لەوەی لەگەڵ یاریزانەکە بگەنە بڕیاری کۆتایی.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەبارەی دییۆنگەوە لەکاتێکدایە، یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی پێش سێ مانگ دەستەوارەیەکی بە 60 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی بارسا کردووە، بۆ دەستبەرداربوون لە ناوەڕاستکارە هۆڵەندییەکە، بەڵام بارسێلۆنا داواکاریی یانە ئینگلیزییەکەی رەتکردووەتەوە.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، دەستەوارەکەی تۆتێنهام بۆ یاریزانەکە 60 ملیۆن یۆرۆ و چەند گۆڕانکارییەک بووە و بۆ ماوەی 4 ساڵ بووە، بەڵام بارسا پێی رازی نەبووە.
لە ئەگەری مانەوەی دییۆنگ لە یانەی بارسێلۆنا تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2025، مانەوەی یاریزانەکە 77 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانە کەتەلۆنییەکە دەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ