رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، لەسەر ئەو شەڕەی پێش ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا هاتە دەنگ و داوای لێبوردن دەکات.
لی کانگ ئین، ئەستێرەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور و یانەی پاریس سانجێرمان، کە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جامی ئاسیا بوو، لەبارەی ئەو شەڕەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "وێنەیەکی ناشرینمان پێشانی هاندەرانی تۆپی پێدا."
کانگ ئین لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "سڵاو، من لی کانگ ئینم، بابەتێک هەبوو لەبارەی ئەوەی گوایە لەگەڵ سۆن هیونگ مین پێش یاریی قۆناخی پێشکۆتایی شەڕمانکردووە، ئێمە نائومێدییەکی گەورەمان بۆ هاندەرانی تۆپی پێ دروستکرد، لەکاتێکدا هەمیشە پاڵپشتی تیپەکەمان دەکەن، بەڕاستی داوای لێبوردن دەکەم."
لی کانگ زیاتر نووسیوویەتی "دەبووایە من دەستپێشخەری بکەم، بۆ پەیڕەوکردنی قسەکانی براکەم (مەبەستی سۆن هیونگ مینە)، بەڵام تەنیا داوای لێبوردن دەکەم کە وێنەیەکی خراپمان بە هاندەرانی تۆپی پێ پێشاندا.
ئەستێرە کۆرییەکەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "داوای لێبوردن لەو هەموو کەسانە دەکەم کە بێهیوام لێم، بەباشی ئاگاداری ئەو حەز و چاوەڕوانییەم کە هاندەرانی تۆپی پێ بۆ من هەیانە، لەمەودوا هەوڵدەدەم یارمەتی زیاتری براکانم بدەم بۆ ئەوەی ببنە یاریزان و مرۆڤی باشتر."
ئەم قسانەی لی کانگ ئین لە کاتێکدان، رۆژنامەی سەنی بەریتانی دەڵێت "بەر لە یاریی کۆریای باشوور و ئوردن لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیادا لەنێوان یاریزانانی کۆریادا شەڕ روویداوە و میدیاکانی کۆریا پێیانوایە ئەوە هۆکاری شکستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بووە بەرامبەر بە ئوردن."
وەک ئەو رۆژنامەیە باسی دەکات، شەوی یارییەکەی ئوردن لە کەمپی هەڵبژاردەی کۆریای باشووردا شەڕێکی گەورە لەنێوان یاریزانانی کۆریادا روویداوە و بە بۆکس بەربوونەتە گیانی یەکدی، بووەتە هۆکاری لەجێچوونی پەنجەیەکی دەستی سۆن هیونگ مینی ئەستێرەی یانەی تۆتێنهام.
یاریزانانی هەڵبژاردەی کۆریا لە شەوی یارییەکەیاندا بەرامبەر ئوردن لە جامی ئاسیادا، بۆ نانخواردنی ئێوارە کۆبوونەتەوە، بەڵام یاریزانە گەنجەکان بەخێرایی دەستیان لە نانخواردن بەرداوە بۆ ئەوەی بچن یاریی “چالنجی تێنسی سەرمێز” بکەن، ئەمەش سۆنی تووڕە کردووە، چونکە خوانەکەی بە دەرفەتێک دەزانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یاریزانەکان و لە ئەنجامدا ناکۆکییەک لەنێوان سۆن و لی کانگ دروستبووە و چەند یاریزانێک بە بۆکس لێکیانداوە و ئەو ئەنجامەی لێکەوتووەتەوە.
کۆریای باشوور لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئوردن دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ