لێدوانی راهێنەران.. ئێنریکی ئامادەباشیی ئێمباپێی راگەیاند و ئەگواسیل پلانی بۆ کیلیان نییە

رووداو دیجیتاڵ

 

لە دووەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی میوانداری یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانی دەکات.
 
راهێنەری هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکدا کرد و قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکەیە:
 
لویس ئێنریکی، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان:
 
پێموایە کاتێک تیپێک یاریزانێکی لە ئاستی کیلیان ئێمباپێ دەبێت، تەنیا شتێک کە دەبێت تێبگەیت ئەوەیە کە تاوەکو زیاتر یاری بکات باشترە بۆ هەمووان. هەموومان سوودمەند دەبین لە هەبوونی ئەو، ئەوە ئامانجی ئێمەیە، گومانی تێدا نییە. 
 
بەر لە چوار رۆژ دەیتوانی یاری بکات ئەگەر یارییەکە یاریی کۆتایی بووایە، بەڵام بەو پێیەی وا نەبوو، پێموانییە ئەو رووداوە شایانی ئەوە بێت سەرکێشی بکەین، بۆیە ئێستا ئامادەیە بۆ یاریکردن، ئەویش وەک ئەوانی دیکە مەشقەکانی کردووە و بژاردەیەکی ئامادەیە بۆ من وەک راهێنەر.
 
هەروەک گوتم ئێمە بەتەواوەتی سەرنجمان لەسەر ئەم یارییەیە، داهاتووی کیلیان لەلایەن خۆیەوە یەکلایی دەبێتەوە نەک هیچ کام لە ئێمە، ئێمە لەسەر ئەوە قسەی لەگەڵ ناکەین، ئێمە تەنیا باسی تۆپی پێ دەکەین، ئێستا تاکە بابەتێک لە ژووری جلگۆڕینماندا بۆ گفتوگۆکردن ئەم یارییەمانە.
 
ئیمانوێل ئەگواسیل، راهێنەری یانەی ریال سۆسیداد:
 
نەخێر نەخێر، هیچ پلانێکی تایبەتم بۆ راگرتنی ئێمباپێ نییە، هەرگیز بیر لەوە ناکەمەوە هیچ یارییەکمان بەرامبەر یەک یاریزان بێت، ئێمباپێ ئاشکرایە کە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و توانای ئەوەی هەیە لە گوشاری یاریزانەکانمان رزگاری بێت و رووبەر بدۆزێتەوە و دە یان پانزدە مەتر بەرەو پێشەوە بچێت. پێموایە ئەگەر ئەو لە رۆژی خۆیدا بێت راگرتنی مەحاڵە. بەڵام لە ستافی راهێنەرایەتی بپرسە، هەرگیز پلانی یارییەکانم تایبەت بە یەک یاریزانی بەرامبەر دانانێم. 
 
من پێموایە ئەوان راهێنەرێکی گەورە و تیپێکی نایابیان هەیە و ئێمباپێش یاریزانێکی نایابە، بەڵام پێموانییە کیلیان ئێمباپێ تاکە یاریزان بێت لەو تیپەدا، بەڵکو یاریزانی دیکەش هەن. گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە کە پێویستە بەرامبەر پاریس سانجێرمان سەرکەوتن بەدەستبهێنین و تا دەتوانین لە رووی بەرگری و هێرشبردنەوە ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەین.