لێدوانی راهێنەران.. ساری بیر لە مەحاڵ ناکاتەوە و بایرنیش قەرەبووی دەوێت

14-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماورێزیۆ ساری تۆماس توخێل لێدوانی راهێنەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە دووەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، بایرن میونشنی ئەڵمانی دەبێتە میوانی لازیۆی ئیتاڵی.
 
راهێنەری هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکدا کرد و قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکەیە:
 
ماورێزیۆ ساری راهێنەری یانەی لازیۆ:
 
ناتوانین وا بیربکەینەوە کە مەحاڵە لە بایرن میونشن ببەینەوە، ئەگەر پێمانوایە مەحاڵە ئەوا لە مێشکی خۆماندا دامانناوە کە پێشتر دۆڕاوین. یارییەکی زۆر قورسە، ئەوان بە تەواوی بەربژێرن بۆ بردنەوە، بەڵام دەبێت بە جۆش و خرۆشەوە یاری بکەین، چونکە ئەم یارییە بۆ ئێمە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە. دەبێت باوەڕمان هەبێت، چونکە لەوانەیە ئەوان بیسەلمێنن کە زۆر لە ئێمە باشترن، بەڵام دەبێت ئەو باوەڕەمان هەبێت کە دەتوانین رووبەڕووی هەموو رکابەرەکانمان ببینەوە. دەبێت کۆنترۆلی بیر و دەروونمان بکەین. لەسەر کاخەز ئەوان بەربژێرن، بەڵام با لە یاریگەدا ببینین.
 
چاوەڕوانی بایرنێکی بەهێزم، چونکە بەئەزموون دەتوانم پێتانبڵێم کە چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئامادەکاریم بۆ یارییەک بەرامبەر ریال مەدرید دەکرد، سەیری یارییەکی ریال مەدریدم کرد لە خولی ناوخۆیاندا و هەستم بە شێوازێکی دیاریکراو کرد، بەڵام دواتر لە چامپیۆنزلیگدا تیپەکە و یاریکردنی وەک خولەکە نەبوو، تیپێکی جیاواز بوو، زۆر بەهێزتر بوو. ئەمانە کۆمەڵە تیپێکن کە دەتوانن چەند هەڵەیەک بکەن لەسەر ئاستی خولەکان، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا هەڵە ناکەن، بۆیە چاوەڕوانی بەهێزترین وەشانی بایرنم.
 
تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن:
 
ئێمە باسی لاوازییەکان ناکەین، بە دڵنیاییەوە بە ئاشکرا نا. ئەوان تیپێکی رێکخراو و یەکگرتوون و باش دەزانن کە دەبێت چی بکەن کاتێک بە پلانی چوار-سێ-سێ یان چوار-یەک-چوار-یەک یاری دەکەن.
راهێنەرەکەیان بیرۆکەیەکی روونی هەیە لە کاتی گوشار خستنە سەر بەرامبەر یان لە کاتی بەرگریکردن لە قوڵاییدا، وەک هەمیشە ماوریزیۆ ساری هیچ بۆشایییەک بەجێناهێڵێت، هاوئاهەنگییەکی زۆر لەنێوان یاریزانەکانیدا هەیە، بۆیە ئەستەمە شکستیان پێبهێنیت. پێموایە ئەم یارییە زۆر کاریگەر دەبێت بۆ هاندەران، بۆیە ئەوان ئەم دۆخە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە، ئێمەش بۆ ئەوە ئامادەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە