ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. بایرن دەیەوێت رقی لیڤەرکوزن بە لازیۆ بڕێژێت

14-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لازیۆ بایرن میونشن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە دۆخێکدا کە کەس چاوەڕێی نەبوو و پێشبینی نەدەکرد، یانەی بایرن میونشن لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا دەردەکەوێت، باڤارییەکان لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان رووبەڕووی لازیۆ دەبنەوە.
 
ئەمشەو لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ چاوەکان لەسەر لازیۆ دەبن، بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی بایرن میونشن بدات، چونکە بردنەوەی یانە ئیتاڵییەکە دۆخی یانە گەورەکەی ئەڵمانیا خراپتر دەکات و تۆماس تۆخێلیش لە دوورخستنەوە نزیکتر دەکاتەوە.
 
بایرن میونشن لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، دوایین یاریی بوندێسلیگای بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن دۆڕاند و بە جیاوازی 5 خاڵ کەوتە دوای ئەو یانەیەوە، مەودای دۆڕان لەو یارییەدا لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم یارییە چەند رۆژێکی کەمن و هاندەرانی بایرن نایانەوێت لە هەفتەیەکدا دووجار دۆڕانی تیپەکەیان ببینن، تیپێک کە هەمیشە چاوەڕوانییەکان بۆی لە ئاستێکی بەرزدان و ئەوان دەیانەوێت رکابەری لەسەر مانەوە لە ریزی گەورەکاندا بکەن.
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو هێشتا بەتەواوی بەشداریکردنی مانوێل نۆیەر دیار نییە، هەرچەند لە دوایین مەشقەکاندا بەشداریی کرد، یاریی نەکردنی مانوێل بۆ بایرن زیانێکی گەورەی دەبێت، بەتایبەت کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا یانەکە 6 گۆڵی لێکرا و لێکرانی هەر گۆڵێک لەم قۆناخەدا یانەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی کرانە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگدا.
 
بایرن میونشن مێژوویەکی دوور و درێژی بەرامبەر ئیتاڵییەکان هەیە، لە دوایین 12 یارییدا بەرامبەر یانەکانی ئیتاڵیا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت بە درێژەدان بەو مێژووییە بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
 
لە بەرامبەردا یانەی لازیۆ بە سەرکەوتنێکی گەورە لە خولی ئیتاڵیا، دەچێتە نێو رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ، ئەوان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا 10 خاڵیان کۆکردەوە و لە کۆمەڵەیەکدا کە هەمووان لە یەکەوە نزیکبوون گەیشتە قۆناخی شازدە.
 
لازیۆ لە کاتێکدا بەرامبەر بایرن میونشن یاریی دەکات، هاندەرانی هێشتا ئەو دۆڕانە گەورەیەیان لەبیر نەکردووە کە لە 2021 لە یاریگەی خۆیان لە هەمان ئەم قۆناخەدا بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکە تووشیان بوو.
 
یانەکەی پایتەختی ئیتاڵیا بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناخی داهاتوو، دەیەوێت سوود لە دۆخی خراپی رکابەرەکەی و یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت و ئۆڵیمپیکۆ بکاتە شانۆی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەرامبەر ئەو یانەیە ئەڵمانییەکان پێیانوایە لە خراپترین کاتی خۆیدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە