رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 12 ساڵ بەسەر وازهێنانی یەکجاریی رۆناڵدۆ لویس نازاریۆ دێلیما، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل تێدەپەڕێت.
"جەستەم ئازاری هەیە، مێشکم دەیەوێت بەردەوامبم لە یارییکردن، بەڵام جەستەم دەڵێت ناتوانم ئەوە بکەم"، ئەمە ئەو پەیامە کاریگەرەبوو کە رۆناڵدۆ لویس نازاریۆ دێلیما، ئەستێرەی تۆپی پێی بەرازیل لە ساڵی 2011 دای بە گوێی جیهاندا و بڕیارییدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
رۆناڵدۆ ئەو یاریزانە بوو لە تەمەنی یارییکردنیدا زۆری پێشکێشی تۆپی پێ کرد و جیهانی بە شێوازی بڕین و گۆڵە نایابەکانی سەرسامکرد.
دێلیما لە تەمەنی لە 1990 دەستی بە یارییکردن کرد و لە تیپی لاوانی ساو کریستۆڤاو دەرکەوت، دوای ئەوە وردە وردە گەشەی کرد و لە 1993 چووە کروزێرۆ، بەڵام تەنیا یەک وەرز لەو یانەیە مایەوە و هەر زوو ئایندهۆڤنی هۆڵەندی بووە دەرگای پەڕینەوەی رۆناڵدۆ بەرەو ئەوروپا.
ئەستێرە بەرازیلییەکە لە ئایندهۆڤن بە باشترین ئاستەوە دەرکەوت لە ماوەی 2 ساڵدا لە 57 یاریی ئەو یانەیەدا 54 گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی جامی هۆڵەندای بردەوە.
دوای ئایندهۆڤن وێستگەی یارییکردنی فێنۆمینۆ یانەی بارسێلۆنا بوو، کاتێک بەرامبەر 15 ملیۆن چووە ئەو یانەیە و لە بلاوگراناش لە 49 یارییدا 47 گۆڵی تۆمارکرد، ئەمە بەرپرسانی ئینتەرمیلانی ناچارکرد 26.5 ملیۆن یۆرۆ بە یاریزانەکە بدەن بۆ ئەوەی بچێتە نیرازۆری.
رۆناڵدۆ لەگەڵ ئینتەر زیاتر درەوشایەوە، بەڵام ئەو پێکانە سەختەی لە وەرزی 1996-1997 تووشی بوو، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر توانای یاریزانەکە و ئاستی یانەکەش دروستکرد.
هێرشبەرە گۆڵکارەکەی بەرازیل لە ریال مەدریدی ئیسپانی پێنج وەرز یارییکرد و 104 گۆڵی لە 177 یارییدا تۆمارکرد، سێ نازناوی جیاوازیشی لەگەڵ یانەکە بردەوە، پاشان بۆ دوو وەرز پەیوەندیی بە یانەی میلانەوە کرد، بەمەش رۆناڵدۆ بووە یەکەم یاریزان لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید، لە ئینتەر و میلان یاریی بکات.
دوایین وێستگەی دێلیما لە کۆرێنچیانزی بەرازیلی بوو، دوای سێ وەرز یارییکردن لە یانەکە دواجار رۆناڵدۆ پەیامەکەی گەیاندە جیهان و بڕیارییدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت و هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە جەستەی رێگەی بە بەردەوامبوونی نەدا.
رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی بەرازیل لە 1994 تاوەکو 2011 لە هەڵبژاردەی یەکەم یارییکرد، مۆندیالی 1994 وەک یاریزانی یەدەگ بردووەتەوە، بەڵام لە 2002 بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت و رۆڵی گەورەی لە بردنەوەی ئەو نازناوەدا بینی بە 8 گۆڵ بووە گۆڵکاری مۆندیال، تاوەکو ئێستاش گۆڵکاری مێژووی سێلیساوە لە مۆندیالدا بە 14 گۆڵ.
رۆناڵدۆ سێ جار تووشی پێکانی مەترسیدار بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 2 جار خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزان بردووەتەوە، بەڵام گەورەترین بۆشایی لە کاروانی فێنۆمینۆدا ئەوەیە کە چامپیۆنزلیگی نەبردووەتەوە.
رۆناڵدۆ دێلیما ئێستا خاوەنی یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانییە و بەشێکی پشکەکانی یانەی کروزێرۆی بەرازیلیشی کڕیووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ