ڤیدیۆ؛ نەیمار باس لە شەڕەکەی نێو ژووری جلگۆڕینی پاریس سانجێرمان دەکات

14-02-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by FRANCK FIFE / AFP
Photo by FRANCK FIFE / AFP
نیشانەکردن نەیمار بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دانی بەوەدانا کە دەمەقاڵێ لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەیان لە دوای دۆڕانیان بە یانەی مۆناکۆ روویداوە، گوتیشی "ئێمە دەتوانین لە بایرن میونشن ببەینەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەنەوە و لە یارییەکی بەهێزدا یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات.
 
ئەستێرەی بەرازیلی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا باسی قورسی رکابەری لە چامپیۆنزلیگدا کرد و گوتی "ئەمە پاڵەوانێتییەکی سەختە، چونکە جگە لە جامی جیهانی یانەکان، ئەمە گەورەترین پاڵەوانێتی جیهانە لەسەر ئاستی یانەکان، ئێمە دەزانین چی لە پێشمانە، ئێمە مەشق و راهێنان دەکەین و کارێکی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی نەدۆڕێین".
 
نەیمار هەروەها گوتی "ئێمەی یاریزانان نەهاتووینەتە ئێرە بۆ سەیران، ئێمە هاتووین بۆ بردنەوە. بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوە هەموو نازناوەکان بۆ پاریس سانجێرمان بەدەستبێنین. ئەوە ئەو ئامانجەیە کە هەموومان دەمانەوێت".
 
نەیمار پەسنی خۆیشی دا و گوتی "باوەڕی تەواوم بە تواناکانم هەیە، پێموایە لەوەتەی هاتوومەتە ئەوروپا لە پێشەنگی لیستی باشترین یاریزانەکان بوومە، دەزانم چەندە باشم و بەوپەڕی خاکەڕاییەوە ئەوە دەڵێم".
 
ئەستێرەی سامبا، لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "دەزانم بایرن میونشن تیپێکی گەورەیە، ئەم یارییە بۆ ئێمە ئاڵنگارییەکی قورسە، بەڵام ئیمەش تیپێکی باشین و دەتوانین لە بایرن ببەینەوە".
 
ئەو باسی کیلیان ئیمباپێی هاوڕێشی کرد، کە هێشتا دیارنییە بەهۆی پێکانەوە بەشداری لەو یارییەدا دەکات یان نا و گوتی "کیلیان پێیگوتم کە باشە، هیوادارم لەم یارییەدا بەشداری بکات، کە بێگومان من و ئەو و مێسی پێکەوە دەتوانین زۆر بە باشی یاری بکەین".
 
نەیمار لە کۆتایی قسەکانیدا، باسی ئەو دەمەقاڵێ و ناکۆکییانەی کرد، کە میدیای فەرەنسا ئاشکرایکردبوو، گوایە لە دوای دۆڕانیان بە یانەی مۆناکۆ لە خولی فەرەنسادا کێشە کەوتووەتە نێو ژووری جلگۆڕینی پاریس و دەمەقاڵێیەک لە نێوان نەیمار و لویس کامپۆسی راوێژکاری پاریس سانجێرمان روویدابوو.
 
نەیمار لەو بارەیەوە گوتی "بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵان بێزارکەرن، دەمەقاڵێیەکی سادەبوو، ئەوە هەمیشە لە تۆپی پێدا هەیە، رۆژانە دەمەقاڵێ لەگەڵ هاوڕێ و هاوژین و هاوکارەکان روودەدات، بەڵام لە چوارچێوەی رێز لەیەکدی گرتن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە