گواردیۆلا: جارێکی دیکە رۆدریگۆ لێدانی سزا لێناداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی لەبارەی بردنەوەیان لە تۆتێنهام گوتی: " شایستەی بردنەوەکە بووین، ئەوان تۆپێکیان لە ستوون دا کە دەکرا ئەو تۆپە یارییەکە بگۆڕێت".

گواردیۆلا لە دوای یارییەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: " ئەو شێوازەی کە دەمانەویست یاریی پێبکەین هەمانبوو، تۆتێنهام توانایەکی زۆرباشی هەیە، پێشتر بە 0-2 بەرامبەر ئەوان دۆڕاوین، 

پێپ زیاتر گوتی: "هیچ دەرفەتێکیان نەبوو بۆ دروستکردنی هەل، ئەوە هەمووی پەیوەندیی بە کوالێتی ئەوان و راهێنەرەکەیانەوە هەیە، ئێمە بەشێوازی تایبەتی خۆمان یارییمانکرد، بەردەوامدەبین و پێویستە لە سەرخۆ و ئارامبین.

راهێنەرە ئیسپانییەکە زیاتر دەڵێت: " لێدانێکی سزای روون بوو کە بۆ ئێمە گیرا، لە گێمی دووەمیشدا لە یەکەم هێرشدا گۆڵمان کرد، ئەمەش شتێکی ئاساییە کە رووبدات".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا رۆدری لێدانە سزایەکان جێبەجێدەکات؟ گواردیۆلا گوتی: "نەخێر، بەڵام بوێرییەکەیم بەدڵبوو کە چوو بۆ لێدانەکە، بەڵام بەباشی جێبەجێینەکرد، شتەکە پێکەنیناوی نییە، بەڵکو جێگەی نیگەرانییە، یەکێکمان دەبێت بەباشی لێدانەکان جێبەجێبکات، بەڵام پێویستە مەشقی لەسەر بکات".

لە کۆتایی قسەکانیدا گواردیۆلا لەبارەی ئیدێرسۆنەوە کە لێدانە سزایەکان جێبەجێبکات گوتی: " ئەو کە دەتوانێت لە دووری 60 بۆ 70 مەتر ئاسیست بکات، بۆ ناتوانێت لێدانێکی 12 مەتری بکاتە گۆڵ"؟

لە یارییەکەدا مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا بە 3-0 لە تۆتێنهامی بردەوە، گواردیۆلا 12ـەیەم یاریی وەک راهێنەر لە مۆرینیۆ بردەوە و جێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ بەهێزکرد.