ئینتەرمیلان بۆ بەدەستهێنانی پێشەنگی رووبەڕووی لازیۆ دەبێتەوە

رووداو دیجیتال

دوای ئەوەی دوێنێ یوڤێنتوس دیارییەکەی میلانی قبوڵ نەکرد، ئەمشەو ئینتەرمیلان دەیەوێت ئەو دیارییە قبوڵ بکات و پێشەنگی لە رۆسۆنێری وەربگرێت.

میلان بەرامبەر سپێزیا 3 خاڵی لەدەستدا و یوڤێنتوسیش بە ناپۆلی دۆڕا، ئیدی دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم ئینتەرمیلاندایە بۆ ئەوەی پێشەنگیی سێریا ئەی وەربگرێت، بەڵام ئەرکیشی ئاسن نییە، چونکە بەرامبەر تیپێک یاری دەکات، کە لە کاتێکی زێڕیندا تێپەڕدەبێت و 6 یارییە بەسەریەکەوە سەرکەوتن بەدەستدێنێت.

ئینتەرمیلان دوای ئەوەی لە دوو رووبەڕووبوونەوەکەی رابردوودا بەرامبەر هەردوو یانەی بێنڤێنتۆ و فیۆرێنتینا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دەیەوێت بۆ دوو ئامانج لە سەرکەوتنەکانی بەردەوامبێت، وەرگرتنی پێشەنگی لە هاوشارەکەی و ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەی، دوای ماڵئاواییکردنی لە جامی ئیتالیا.

ئەو دوو یانەیە 155 یاری لە سێریا ئەیدا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، ئینتەرمیلان 64 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لازیۆش 37 یاری براوە بووە، 54 یارییش یەکسانبوونە.

یاری یەکەمی ئەمڕۆ لەنێون رۆما و ئۆدینێزی دەبێت و تێیدا یانەکەی پایتەخت هەوڵدەدات دۆڕانی گەڕی رابردووی بەرامبەر یوڤێنتوس قەرەبوو بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکانی.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

رۆما - ئۆدینێزی 14:30
سامپدۆریا - فیۆرێنتینا 17:00
کالیاری - ئاتالانتا 17:00
کرۆتۆنی - ساسۆلۆ 20:00
ئینتەرمیلان - لازیۆ 22:45