ڤیدیۆ؛ دهۆک لە شەوێکی گەورەدا میوانداریی جەوییە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە شەوێکی دیکەی سەرنجڕاکێش و تایبەتدا، یانەی دهۆک بە جوانی و میواندۆستییە هەمیشەییەکەی چاوی وەرزشڤانان لە کوردستان و عێراق دەباتەوە سەر شارە قەشەنگ و جوانەکەی کوردستان و نێو گۆڕەپانی یاریگەکەی، کاتێک میوانداری یانەی جەوییە دەکات.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر جەوییە یاری دەکات، یارییەکە کە چاوەڕوانییەکان بۆی لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و چاوەڕواندەکرێت رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزی تێدابێت.
ئەلهویێن چیا لە دوو یاریی رابردوودا، دوو بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکردووە و لە دوایین 7 یارییشدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، ئێستا تیپەکە لە دۆخێکی زۆرباشتردایە لەو دۆخەی لە سەرەتای وەرزدا پێی دەرکەوت و دەیەوێت بەبردنەوە لە جەوییە هێشتا باشتر و بەهێزتر خۆی پێشانبدات و بە سێ خاڵی دیکە هەنگاوی زیاتر بچێتە پێشەوە.
جەوییە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام لە دوو یاریی رابردوودا نەیبردووەتەوە و ئەم وەرزە ئاستیشی وەکو پێویست نییە، دهۆک دەیەوێت سوود لە بۆشایەکانی پێکهاتەی لوئەی سەڵاح وەربگرێت و بە هێزی هاندەران یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.
یانەی دهۆک لە 2005ـەوە هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر جەوییە نەدۆڕاندووە، دوایینجار کە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئەو یانەیەی بەغدا یارییکرد یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
بەر لە ئەنجامی ئەم یارییە بەهێزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک لە پلەی شەشەمی ریزبەندە و دەکرێت بەبردنەوە هێشتا بچێتە پێشەوە.